کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژینا دوو ساڵە بێسەروشوێنە

11:15 - 28 خەزەڵوەر 2724

سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو ساڵ لە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی عوسمان مامە، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری بۆکان و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژینا" لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی ''هەنگاو''، دوو ساڵی تەواو لە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی عوسمان مامە، لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" تێپەڕ دەبێت، سەرەڕای ئەوەی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە سەردانی سەرجەم ناوەندە ئەمنییەتی، دادوەری و چاودێرییەکانی بۆکان و پارێزگای ورمێیان کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ وڵامێکی ڕوونیان سەبارەت بە دەسبەسەرکران، چارەنووس و بارودۆخی عوسمان مامە وەرنەگرتووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە لە ماوەی ڕابردوودا دادوەری دادگای ئینقلابی بۆکان بە بنەماڵەی عوسمان مامەی ڕاگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ ترسێکی لە ئێوە نییە، ئەگەر باوکتان کوژرابێت، پێتان دەڵێن و ترسێکیان لێتان نییە، کەواتە باوکتان زیندووە.

بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە لە نەبوونی ناوبراو و گوشارێک کە لەبەر بەدواداچوون بۆ چارەنووسی کەوتووەتە سەریان، لەگەڵ کێشەی ئابووری و دەروونیدا ڕووبەڕوو بوونەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، سەرەڕای وادە و بەڵێنی هێندێک لە بەرپرسانی شاری بۆکان کە بڕیار بووە بەدواداچوون بۆ چارەنووسی عوسمان مامە بکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ بەرپرس و ناوەندێک نەتوانیوە زانیارییەک لەسەر چارەنووسی عوسمان مامە بەدەست بهێنێت و ئەو زانیارییە بە بنەماڵەی ناوبراو بدات.

عوسمان مامە، هاووڵاتیی تەمەن ٥٧ ساڵ، تا ئێستا تەنانەت یەک پەیوەندیی کورتماوەی تلفۆنیشی لەگەڵ بنەماڵەکەی خۆیدا نەبووە و هیچ بەڵگە و دیارییەک لە ناوبراو لە دوای دەسبەسەرکرانی نەبیندراوەتەوە.

عوسمان مامە، دانیشتووی شاری بۆکان، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١ لە کاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.