شۆرای ئابووریی دەوڵەتی چواردەیەم فەرمانی گرانکردنی نرخی گازی شاریی پەسەند کرد.
هەواڵدەریی تەسنیم ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر نووسی: "ڕێکخراوی بەرنامە و بوودجە، پەسەندکراوەکانی شۆرای ئابووریی دەوڵەتی ڕاگەیاندووە".
لە بەشێکی ئەم پەسەندکراوەدا هاتووە: وەزارەتی نەوت دەبێت بە هاوکاریی ڕێکخراوی بەرنامە و بوودجە، وەزارەتەکانی ئابووری و "سەنعەت و مەعدەن و تجارەت"، لە زووترین کاتدا نرخی نوێی گازی شاری بە شێوەیەک پەسەند بکات کە بتوانێت ڕێژەی بەکارهێنانی بهێنێتە خوارەوە.
هەر لەم پێوەندییەدا ڕێکەوتی ٢٢ی خەزەڵوەر لێژنەی وەزیرانی دەوڵەتی پزشکییان بەمەبەستی گرانترکردنی نرخەکانی گازی شاری لە بەشی بەکارهێنانی ماڵاندا گەڵاڵەیەکیان پەسەند کرد کە ڕێژەیەکی زیاتر لە بەکارهێنان دەخاتە نێو لیستەی بەکارهێنەرانی "پڕ مەسرەف"ـەوە.
گرانترکردنی نرخەکانی وزە هاوکاتە لەگەڵ پچڕانی بەردەوامی کارەبا و بە ئەگەری زۆر گاز لە ڕۆژانی سارد و سەرمای داهاتوودا.
نەبوونی گاز لە ئیراندا بۆ بەکاربردن لە وزەخانەکان و هەوروەها بەکارهێنانی لە ماڵاندا لە کاتێکدایە کە ئێران پلەی دوویەمین وڵاتی بۆ پاشەکەوتی گاز لە جیهاندا هەیە.
هەناردەکردنی گاز بۆ وڵاتانی دیکە، نەبوونی کەرەستەی پێویست بۆ ڕاگواستنی گاز و بەفیڕۆچوونی ڕێژەیەکی زۆر لەم گازە و هەروەها سیاسەتە هەڵەکانی کۆماری ئیسلامی لە بواری وزەدا بووەتە هۆی قەیرانی نەبوونی گاز لە وڵاتێکدا کە ١٧٪ گازی جیهانی تێدایە.