بنەماڵەی کوژراوانی ئەمریکایی لە هێرشی گرووپی حەماس بۆ سەر باشووری وڵاتی ئیسرائیل لە ڕێکەوتی ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ی زایینیدا، بە تۆمەتی پشتیوانیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە مەرگهێنەرترین هێرش بۆ سەر یەهوودەکان لە دوای کارەساتی هۆلۆکاست، بە فەرمی لە دژی ڕێژیم سکاڵایان تۆمار کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی ''نیۆیۆرک تایمز'' ئەو بنەماڵانە لە دادگای واشینگتۆن پێتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سکاڵایان تۆمار کردووە و لەو سکاڵایەدا باسی وردەکارییەکانی هاوکاریی ماڵیی ڕێژیم لە حەماس و ئەو گرووپانەی کە هەوڵی لەنێوچوونی ئیسرائیل دەدەن، کراوە.
بەپێی هەمان ڕاپۆرت، پارێزەرانی ئەو دۆسییەیە چەند بەرگێکی ئەو بەڵگانەیان دەست کەوتووە کە نیشان دەدات گرووپێکی چەند کەسی لە باڵی نیزامی و سیاسیی حەماس لە مانگی دێسامبری ٢٠٢٢ی زاینییدا، بە نیسبەت هێرش بۆ سەر ئیسرائیل لەگەڵ ڕێژیمی ئێران دیدار و چاوپێکەوتنیان بووە.
لەو ڕاپۆرتەدا باس لە وردەکاریی ئەو دیدارەی حەماس و سپای پاسداران کراوە کە یەحیا سەنوار، ڕێبەری ئەوکاتی حەماس داوای لە سپای پاسداران کردبوو کە بڕی ٧ میلیۆن دۆلار لە مانگێدا بەنیسبەت پێداویستیی ماڵی بۆ ئامادەکاریی هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبر دابین بکەن کە بە ''پڕۆژەی گەورە'' ناودێر کرابوو.
لە ڕەوتی هێرشی ٧ی ئۆکتۆبری ساڵی ڕابردوودا، گرووپی حەماس هێرشی کردە سەر باشووری وڵاتی ئیسرائیل، کە لە ئاکامدا زیاتر لە ١٢٠٠ کەسی مەدەنی کوژران و زیاتر لە ٢٥٠ کەس کە ژن و منداڵ و بەساڵاچوو بوون، بە بارمتە گیران.
جێگای ئاماژەیە کە لە کۆی ١٢٠٠ کوژراوی ئەو هێرشە، ٤٦ کەس و لە کۆی ٢٥٠ بارمتەگیراوەکان ١٢ کەسیان ئەمریکایی بوون.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یەکیەتیی ئورووپا، کانادا، ژاپۆن و هەندێک وڵاتی دیکە حەماس بە گرووپێکی تێرۆریستی دەناسن.