تیمی کارناسانی کۆمیتەی گەمارۆکانی شورای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری یەمەن ڕایانگەیاند، ئاسانکارییەکانی بەندەرەکانی "ئەلحودەیدە" و "ئەلسەلیف" لە ڕۆژاوای یەمەن کە لەژێر کۆنترۆڵی حوسییەکاندایە، لەلایەن ئەم گرووپەوە بۆ قاچاخ و دابەزاندنی ڕێژەیەکی زۆر کەرەستەی سەربازی بەکار دەهێنرێن.
کارناسانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتە نوێیەکەیاندا ئاشکرایان کردووە کە ٦ کەشتی بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت لە مێکانیزمی پشکنین و چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتوونەتە ئەو بەندەرانەی کە حوسییەکان کۆنترۆڵیان کردووە.
ئەم تیمە بەدواداچوون بۆ ئەگەری تێوەگلانی ئەو کەشتییانە لە گواستنەوەی نایاسایی کاڵا قەدەغەکراوەکان بۆ حوسییەکان دەکات.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە نوێیە، تا مانگی فێورێیەی ساڵی ٢٠٢٣، هەموو ئەو سنووردارکردنانەی کە لەلایەن هاوپەیمانی عەرەبی و دەوڵەتی یاسایی یەمەنەوە بۆ هاوردەکردنی کەلوپەل بۆ بەندەرەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان سەپاندوویانە، جگە لە کاڵای قەدەغەکراو هەڵ گیراون.
تیمی کارناسانی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها ئاماژەیان بە زیادبوونی بەرچاوی ژمارەی کەشتییەکان و جۆراوجۆریی ئەو کاڵایانە کرد کە بۆ ئەو بەندەرانە دەنێردرێت و جەختیان لەوە کردەوە کە ئەم مێکانیزمە لە ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی ئاستەنگ و کێشەی دارایی گەورە بووەتەوە.
بەدواداچوونەکانی تیمی کارناسان نیشانی دەدات کە کەشتییە جۆراوجۆرەکان کە کەلوپەلی قەدەغەکراو یان سنوورداریان هەڵگرتووە، بەڵگەنامەی ساختەیان بۆ تۆمارکردنی ئەو کەشتییانە لە سریلانکا بەکارهێناوە.
لە درێژەی ڕاپۆرتی کارناسانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشداری دراوە کە گرووپی حوسییەکان لە تاوانی دیکەی وەک فرۆشتن و قاچاخی کەلوپەلی مێژوویی و ئەنتیک کە بەشێکن لە میراتی فەرهەنگی و مێژوویی یەمەن، دەستیان هەیە.