کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکانی کچان

12:26 - 28 خەزەڵوەر 2724

هێرشی کیمیایی و ژەهراویکردنی زنجیرەیی کچانی قوتابی لە ئێران بەردەوامە و بەگوێرەی دوایین هەواڵەکان، قوتابخانەی کچانەی "مەکتەب ئیسلام" لە شاری ڕەی بووەتە ئامانجی ئەم ژەهراویکردنە.

ئەم ڕووداوە بەو شێوەیە بووە کە لە ڕۆژی ١٣ی خەزەڵوەری ئەمساڵ قوتابییەکان لەگەڵ چوونە ناو پۆلەکانەوە تووشی کۆکەیەکی توند بوون و بەشێکی ئەو کچە قوتابییانە لەگەڵ کۆکە و هەستکردن بە بۆنێکی پیس و ناخۆش لە پۆلەکاندا دەستبەجێ چوونەتە ناو حەوشەی قوتابخانەکە.

لەو کاتەدا بەڕێوەبەری قوتابخانەکە بەشێک لە قوتابییانی ناچار کردبوو کە بچنە قاتی سەرەوەی قوتابخانەکە و قوتابییانی دیکەش ئاگادار کەنەوە لەکاتێکدا کە ئەمە ئەرکی خۆی بووە.

هەروەها باس لەوە کراوە کە دوای ماوەیەک لە ڕاگرتنی کچە قوتابییەکان لە حەوشە ناچار کراون دووبارە بچنەوە سەر پۆلەکانیان.

لە زاری ئەو قوتابییانەوە بڵاو کراوەتەوە لەگەڵ چوون بۆ ناو پۆلەکان بۆ جارەی دووهەم بۆنەکە زۆر زیاتر ببوو، و بەو حاڵەشەوە بەڕێوبەری قوتابخانەکە ڕێگەی نەدەدا کە قوتابییان لە قوتابخانە بچنە دەرێ.

بەگوێرەی زانیارییە بڵاوکراوەکان، ژمارەیەک قوتابی بەمەبەستی بەجێهێشتنی قوتابخانەکە پاڵیان بە بەڕێوەبەری قوتابخانەکەوە ناوە و بە زۆر قوتابخانەکەیان بەجێ هێشتووە بۆ ئەوەی گیانی خۆیان ڕزگار بکەن. ئەو قوتابیانە ڕایانگەیاندووە، لە ١٣ی ئەم مانگەدا بەبۆنەی مەراسیمی ڕۆژی قوتابیی ڕێژیم، بەشێک لە حەوشەی قوتابخانە و پۆل و ڕارەوەکان بە ژمارەیەک باڵۆن ڕازێنراونەتەوە کە بە گازێکی نەناسراو پڕ کرابوون و لەگەڵ تەقینی ئەو باڵۆنانە ئەو گازە بڵاو دەبوویەوە.

هەروەها بڵاو کراوەتەوە کە ئەو قوتابییانە ڕێگەی ئەوەیان پێ نەدەدرا کە پێوەندی بە بنەماڵەکانیانەوە بگرن، تاکوو لە کۆتاییدا دایکی یەکێک لەوان ئاگاداری دۆخەکە دەبێ و پێوەندی بە ناوەندی فریاکەوتنەوە دەکا.

باس لەوەش کراوە کە دوای تێکچوونی حاڵی بەشێک لەو کچانە و بێهۆشبوونیان، توانیویانە ئەو قوتابییانە ببەن بۆ نەخۆشخانە و لەو حاڵەدا بەڕێوبەری قوتابخانە بە بنەماڵەکانی ڕاگەیاندبوو، منداڵەکانتان خۆشدەوێ خۆتان بیانبەن بۆ نەخۆشخانە.

ئەو قوتابییانە سەرەڕای کۆکە و بێهۆشی تووشی ڕشانەوە و سەرگێژە و هاتنەخوارەوەی فرمێسک و تەنگی هەناسەدان ببوون و زیاتر لە ٣٠ قوتابی بۆ نەخۆشخانەکانی شاری ڕەی گواسترابوونەوە.

هەروەها یەکێک لە قوتابییەکان ڕایگەیاندووە: "پشکنینی خوێن لە سەرجەم قوتابییان وەرگیراوە، بەڵام ئەنجامی پشکنینەکان و تۆماری پزیشکی خوێندکاران نەگەیشتووەتە دەستی دایک و باوکەکان” و زۆربەی قوتابییەکان لە  بەشی ICU دابوو و لە هەمان کاتدا دەرمانێک بە سێرۆمەکانین زیاد کراوە کە نازانن چی بووە.

لەو حاڵەدا کە قوتابییان لە نەخۆشخانەکاندان هێزەکانی ڕێژیمی چووبوون بۆ لایان و بەبێ ئامادەبوونی دایک و باوکەکان و بە جیا لێکۆڵینەوەکان لە هەموویان کردووە، و پێیان ڕاگەیاندوون لەمبارەوە لەگەڵ هیچ میدیایەک نادوێن، و تەنانەت ئەو قوتابییانەی کە مۆبایلیان پێ بووە و وێنە و ڤیدیۆی ئەو ڕۆژەیان گرتووە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە بردراوە و هەموو وێنەکان سڕدراونەتەوە.

لە سەردەمی شۆڕشی ژینا و هەستانەوەی قوتابییان لە دژی دەسەڵاتی ڕێژیم ژەهراویکردنی گوماناویی قوتابخانەی کچان لە ئێران دەستی پێکردووە و تا ئیسەش بەردەوامە.

لەم پێوەندیەدا محەممەدحەسەن ئاسفەری، ئەندامی لیژنەی بەدواداچوونی ڕاستییەکانی مەجلیسی ڕێژیم ، ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاند، تا ١٥ی ڕەشەمە زیاتر لە پێنج هەزار قوتابی لە ٢٥ پارێزگا و نزیکەی ٢٣٠ قوتابخانە ژەهراوی بوون، بەڵام لێکۆڵینەوەکان لەسەر جۆری ژەهراویبوون و ئەو مادەیەی تێیدا بەکار هاتووە، و هۆکار و لایەنی ئەنجامدەری ئەو کارە هێشتا ئاشکرا نەکراوە و ڕێژیم ئەو بابەتەی بە نهێنی هێشتووەتەوە.