شیرکەتەکانی "ئێران خۆدرۆ" و "سایپا"، بۆ جارێکی دیکە بەرهەمەکانیان گران کرد.
دوو شیرکەتی ئێران خۆدرۆ و سایپا بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٨ی خەزەڵوەر بە دەرکردنی دوو بەیاننامە ڕایانگەیاند کە بەپێی ڕێکاری "تەنزیمی بازاڕی شۆرای ڕقابەت"، نرخی بەرهەمەکانیان بە وتەی خۆیان "چاک" کردووە.
بەپێی ئەم ڕاگەیەندراوانە نرخی ماشینە بەرهەمهێنراوەکانی ئەم دوو شیرکەتە تا٣٠٪ گرانتر بووە.
دەوڵەتی چواردەیەم پێشتر و لە ڕێکەوتی ٩ی گەلاوێژدا ئەم ڕێکارانەی "شۆرای ڕقابەت"ی پووچەڵ کردبووەوە بەڵام پاش سێ مانگ لەم فەرمانەی پزشکییان شیرکەتەکانی ئێران خۆدرۆ و سایپا نرخی بەرهەمەکانیان گرانتر کرد.
گرانترکردنی نرخی ماشینە بەرهەمهێنراوەکانی ئێران کە زۆربەیان دروستکراوی دوو شیرکەتی "سایپا" و "ئێران خۆدرۆ"ن لەکاتێکدایە کە کوالیتی ئەم ماشینانە لە خوارترین ئاستدایە و بە هیچ شیوازێک لەگەڵ بەرهەمە دەرەکییەکان توانای ڕکابەریی نییە.
لەلایەکی دیکەوە کۆماری ئیسلامی پێشی بە هاوردەکردنی بەرهەمی دەرەکی گرتووە تاکوو خەڵک ناچار بکات ماشینی بەرهەمهێنراوی ئێرانی بە نرخێکی زۆر گران بکڕێت.
هەر بەم بۆنەوە دەوڵەت باجێکی زۆر لە ماشین سازان وەردەگرێت و ناهێڵێت کە بەرهەمی دەرەکی بە نرخی گونجاو بگاتە دەست خەڵک و لە ئاکامدا هەم پارەی ماشینەکە و هەم پارەی باجی ماشین سازەکان دەکەوێتە سەر شانی خەڵک.