کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ئورووپا سزای خستە سەر کەشتیڕانیی کۆماری ئیسلامی

19:10 - 28 خەزەڵوەر 2724

یەکیەتیی ئورووپا ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خەزەڵوەر ڕایگەیاند کە لە کاردانەوە بە پشتیوانییەکانی ئێران لە هێرشی ڕووسیە بۆ سەر ئوکڕاین، سزای خستووەتە سەر کەشتیڕانیی کۆماری ئیسلامی.
ئەم یەکیەتییە ڕایگەیاندووە کە بەهۆی پشتیوانییەکانی تاران بەتایبەتی پشتیوانییە سەربازییەکانی لە شەڕ بەدژی ئوکڕایندا و هەروەها پشتیوانی لە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیم لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، سزای خستووەتە سەر کەشتیڕانیی کۆماری ئیسلامی و بەڕێوەبەرەکی، محەممەدڕەزا مودەڕس خیابانی.
یەکیەتیی ئورووپا پشتڕاستی کردووەتەوە کە کەشتیڕانیی کۆماری ئیسلامی لە ڕاگواستنی چەکوچۆڵی ئێرانی لە ڕێگەی دەریای خەزەرەوە بۆ بەکارهێنان لە شەڕ بە دژی ئوکڕاین ڕۆڵی هەبووە.
هاوکات لەگەڵ کەشتیڕانیی کۆماری ئیسلامی و محەممەدڕەزا مودەڕس خیابانی، سێ کۆمپانیی کەشتیڕانیی رووسیش لەم پێوەندییەدا چوونەتە نێو لیستەی نوێی گەمارۆکانی یەکیەتیی ئورووپاوە.
ئەمە دوویەمین گەمارۆی ئەم یەکیەتییە لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا بۆ سەر دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامییە.
ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەزبەر، یەکیەتیی ئورووپا سێ شیرکەتی فڕۆکەوانیی ئێرانی واتا شیرکەتەکانی ئێران ئەیر، ماهان و ساهای بەهۆی پشتیوانیکردنیان لە شەڕی ڕووسیە بە دژی ئوکڕاین سزا دا.
فڕۆکەکانی ئەم سێ شیرکەتە چەکوچۆڵێکیان ڕاگواستووە کە لەلایەن ڕووسیەوە بەمەبەستی شەڕ بە دژی ئوکڕاین بەکار هاتووە.