کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل بەشێک لە بەرنامەی ناوکی و بەرگریی ئێس-٣٠٠ی ئێرانی لەنێو بردووە

10:52 - 29 خەزەڵوەر 2724

سێ حەفتە دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، ئەم هێرشە زەربەی لە توانای بەرگریی ئاسمانی و بەرهەمهێنانی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی داوە و هەروەها بەشێکی دیاریکراوی بەرنامە ناوکیی ڕێژیمی ئێرانی کردووەتە ئامانج.

بێنیامین نێتانیاهوو، ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خەزەڵوەر، لە وتارێکدا لە پارلەمانی ئیسرائیل، ڕایگەیاند کە ئێران بۆ تەیارکردنی خۆی بە بۆمبی ناوکی هێشتا بژاردەیەکی لەبەر دەستدایە.

ناوبراو لە ڕوونکردنەوەی وردەکارییەکانی هێرشەکانی ئیسرائیل، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لە عەمەلیاتی سنوورداردا لە وڵامدانەوە بە هێرشەکەی ئێران لە ٢٥ی خاکەلێوە یەکێک لە چوار پەدافەندی ئێس ٣٠٠ی لەنێو بردووە و زیادی کرد کە لە هێرشەکەی ٥ی خەزەڵوەریشدا سێ پەدافەندەکەی دیکەی لەنێو بردووە.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، ئێران هێشتا توانای هێرشکردنە سەر ئیسرائیلی هەیە، بەڵام لەو حاڵەتەدا ئیسرائیل لە ئامانجەکەی نزیکتر دەکاتەوە ".

هەر لەو پێوەندییەدا، ماڵپەڕی هەواڵدەریی ئاکسیۆس ڕۆژی هەینی ٢٥ی خەزەڵوەر، لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکایی و ئیسرائیلی ڕایگەیاند کە ئیسرائیل لە هێرشەکەی بۆ سەر ئێران لە ٥ی خەزەڵوەر ناوەندێکی لێکۆڵینەوەی زۆر نهێنیی پەیوەندیدار بە چەکی ناوکیی لە شاری پارچین، لەنێو بردووە.

هەروەها نێتانیاهوو ڕایگەیاند کە لەگەڵ گەڕانەوەی دۆناڵد ترامپ بۆ کۆشکی سپی، توانای ئیسرائیل بۆ مامەڵەکردن دژی بەرنامە ناوکییەکەی ڕێژیمی ئێران، پێداچوونەوەی بەسەردا دەکرێت.

جێگەی ئاماژەیە کە ترامپ لە ڕۆژی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا ڕایگەیاندبوو کە ڕێژیمی ئێران نابێت بۆمبی ئەتۆمی هەبێت.