کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بایدێن بەنیسبەت قەبووڵکردنی ئاگربەستەوە خوازیاری گوشاری زیاتر بۆ سەر حەماسە

11:00 - 29 خەزەڵوەر 2724

جۆ بایدێن، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە دوایین حەفتەکانی دەسەڵاتی خۆیدا داوای لە وڵاتانی گرووپی ٢٠ کردووە کە بۆ قەبووڵکردنی ئاگربەس لەگەڵ ئیسرائیل گوشاری زیاتر بخەنە سەر حەماس.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی خەزەڵوەر، جۆ بایدێن، سەرۆککۆماری ئەمریکا، بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ گرووپی ٢٠ سەردانی ڕیۆدوژانیرۆی لە برزیل کردووە، ناوبراو لە دەستپێکی ئەو کۆبوونەوەدا وتوویەتی: حەماس هێشتا ڕێککەوتن ڕەت دەکاتەوە و دەڵێ من خوازیارم گوشارەکان بۆ سەر ئەو گرووپە، زیاتر بکەن.

هاوکات سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند: حەماس تەنیا هۆکاری ڕێکنەکەوتنی لەگەڵ ئیسرائیل، ئازادنەکردنی بارمتەکانە.

هەروەها نێتەنیاهوو وتوویەتی: بە بێدەنگی هەوڵ بۆ ئازادکردن و گەڕاندنەوەی یەکە بە یەکەی بارمتەگیراوەکان دەدەین.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە: ڕێکاری سەرکەوتنمان ئازادکردنی خەڵکە ڕفێندراوەکانمانە، لەوەشدا سەرکەوتوو دەبین و هیوادارم بە زووترین کات هەموویان بگەڕێنەوە نێو بنەماڵەکانی خۆیان.

نێتەنیاهوو سەبارەت بە ئازادکرنی بارمتەگیراوەکان ڕایگەیاندووە، هەر بارمتەیەک لەلایەن فلستینییەکانەوە لە غەززە ئازاد بکرێت ئەوە بڕی ٥ میلیۆن شێکێل دەسخۆشانەی پێ دەدرێت و لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیلەوە ئەماننامە دەدرێتە خۆیان و بنەماڵەکانیان و دەنێردرێنە دەرەوەی وڵات.

داواکاری جۆ بایدێن بۆ قەبووڵکردنی ئاگربەست لەلایەن حەماسەوە لەکاتێکدایە کە مەحموود سینوار برای یەحیا سینوار ڕایگەیاندووە ئێمە کاتێک ڕێککەوتننامە و ئاگربەست قەبووڵ دەکەین کە شەڕ لە غەززە کۆتایی پێ بێت و هەموو هێزە نیزامییەکانی ئیسرائیل لە غەززە بچنە دەرەوە.

لە ڕەوتی هێرشی ٧ی ئۆکتۆبری ساڵی ڕابردوودا، گرووپی حەماس هێرشی کردە سەر باشووری وڵاتی ئیسرائیل، کە لە ئاکامدا زیاتر لە ١٢٠٠ کەسی مەدەنی کوژران و زیاتر لە ٢٥٠ کەس کە ژن و منداڵ و بەساڵاچوو بوون، بە بارمتە گیران.