کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان لەهەمبەر لەسێدارەدانی وەحشیانەی بەندکراوان لە ساڵوەگەڕی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨، هۆشداریی دا.
کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان، ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی خەزەڵوەر، لە ٤٣هەمین حەفتەی خۆیدا بەیاننامەیەکی بڵاو کردووەتەوە کە باس لەوە دەکات ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ماوەی یەک حەفتەی ڕابردوودا ٢٨ بەندکراوی لە سێدارە داوە کە سزای ١٨ کەسیان لە یەک ڕۆژدا جێبەجێ کراوە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە، ڕێژەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای مانگی خەزەڵوەرەوە لە سێدارە دراون گەیشتووەتە زیاتر لە ١٣٣ کەس، کە لەو ڕێژەیە ٣ کەسیان ژن و ١٣ کەسیشیان خەڵکی ئەفغانستانن.
نووسەرانی بەیاننامەی ئەو کەمپەینە لە بەندیخانەکانی هەموو ئێرانەوە هۆشدارییان داوە کە هاوکات لەگەڵ پێنجـەمین ساڵوەگەڕی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨، ڕەوتی دەرکردنی سزای لەسێدارەدان و جێبەجێکردنی ئەو سزایە بەتایبەت بۆ ئەو لاوانەی لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا دەسبەسەر کراون، تەشەنەی سەندووە و نیگەرانییەکان بەنیسبەت تەشەنەسەندنی ئەو هەوڵە دژەمرۆییانەی ڕێژیمی زیاتر کردووە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە بەندکراوێکی بێ ناونیشان بە ناوی محەممەدمێهدی (م.س) کە لە ڕەوتی شۆڕشی ١٤٠١دا دەسبەسەر کراوە، لەلایەن دادگای تاوانەکانی خۆراسانی ڕەزەوییەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە، کە بەندکراوێک بە ناوی ئەحمەد عەلیزادە لە کردەوەیەکی نامرۆڤانەدا لە بەندیخانەی قزڵحەسار و بەندکراوێکی دیکە لە پێش چاوی خەڵکدا، لە سێدارە دراون.
هەروەها غەفار ئەکبەری لەژێر ئەشکەنجە لە بەندیخانەی مەلەکاندا، گیانی لەدەست داوە و سەید عەلیڕەزا ڕەزەوی، بە بێ ئاگاداری بنەماڵەی، نزیک بە ٢٠ ڕۆژ لەمەوپێش لە سێدارە دراوە.
ئەو کەمپەینە، داوای لە ڕیپۆرتێری مافی مرۆڤ، مای ساتۆ کردووە کە هەوڵی ڕزگارکردنی بەندکراوانی بە ئێعدام سزادراو بدات و هەتا بکەرانی ئەو جینایەتە وڵامدەر بن.
هەتا ئێستا ٢٥ بەندیخانەی: نەغەدە، ورمێ. خۆی، سەڵماس، کامیاران، مەریوان، بانە، سەقز، بەندیخانەکانی ئێڤین ''بەندی ژنان، بەندی ٤ و ٨ی پیاوان''، قزڵحەسار''یەکەکانی ٣ و ٤''، ناوەندی کەرەج، تاران، ئەراک، خوڕەماوا، ئەسەدئاوای ئیسفەهان، شیبانی ئەهواز، نیزامیی شیراز، بەم، کەهنووج، مەشهەد، قائیمشەهر، لاکان، ڕەشت، ئەردربێڵ، تەورێز و دەستگردی ئێسفەهان، پەیوەست بوونە بە کەمپەینی نا بۆ لەسێدارەدان.