ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەنیسبەت ئەگەری زیاتربوونی ململانێکان لە دژی ئیسرائیل هۆشداریی جیددی بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران داوە و ڕایگەیاندووە: ''لە ئەگەری توندتربوونی هەڕەشە و ململانێی ئێران بە دژی ئیسرائیل، ئەوا ئێمە توانای ڕاگیرکردنی ئیسرائیلمان نییە''.
هەواڵدەریی ئاکسیۆس، ڕۆژی شەممە، ١٢ی خەزەڵوەر، بەپێی لێدوانی بەرپرسێکی ئەمریکایی، نووسیویەتی: ''بە بەرپرسانی ئێرانمان وتووە لە ئەگەری هێرشتان بۆ سەر ئیسرائیل، ئەوا ئێمە توانای کۆنتڕۆڵ و ڕاگیرکردنی ئیسرائیلمان نییە و ناتوانین لەوە دڵنیا بین کە هێرشی دووبارەی ئیسرائیل وەکوو هێرشی پێشوو سنووردار و بە لێکدانەوە بێت''.
ئەو بەرپرسە ئەمریکاییە هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، تەنانەت لە ئەگەری هێرشی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە خاکی عێراقەوە، ئەوا ئەو هێرشەش بێ وڵام ناهێڵینەوە.
هەواڵدەریی ئاکسیۆس هەروەها باسی لەوە کردووە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا جۆ بایدێن، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە ڕێگەی وڵاتی سویسەوە هۆشداریی جیددی داوە بە ڕێژیم کە لە هێرشی دووبارە بۆ سەر ئیسرائیل، خۆی ببوێرێت.
ئەو لێدوانەی بەرپرسانی ئەمریکایی و ئیسرائیلی دژکردەوەیەکە بە هەڕەشەکانی ڕۆژانی ڕابردووی بەرپرسانی ڕێژیم کە جەختیان لە هێرشی دووبارە بۆ سەر ئیسرائیل کردووەتەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، رۆژی ١٢ی خەزەڵوەر، لە یادی ٤٥ ساڵەی هێرش بۆ سەر سەفارەتی ئەمریکا لە تاران وتوویەتی، ئیسرائیل و ئەمریکا لە دوای هێرشی ٥ی خەزەڵوەری ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و کوژرانی ڕێبەرانی دەستوپێوەندییەکانی لە ناوچەکە، وڵاممان بەو هێرشە وڵامێکی دەمکوتکەرە.