ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، کاک برایمی قادری هونەرمەندی نیشتمانپەروەر و خەڵکی، دوای ماوەیەک بەربەرەکانێ لەگەڵ نەخۆشی، لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
کاک برایم هونەرمەندێکی خۆشەویستی خەڵک بوو؛ دەنگخۆشی لە کاک کەریمی باوکیەوە بۆی مابوویەوە کە پێشمەرگەی سەردەمی کۆماری کوردستان بووە و بە هۆی ئازایەتی لە شەڕی قارەوا و سەرا لەلایەن پێشەوا قازی محەممەد سەرۆککۆماری کوردستانەوە خەڵات کراوە.
کاک برایم لە ئاوایی ''عیساکەند'' لە دایک بووە و ساڵی ١٣٤٠ی هەتاویی هاتووەتە شاری مەهاباد و لەوێ نیشتەجێ بووە.
پێش شۆڕشی گەلانی ئێران ئەندامی حیزبی دێموکرات بووە و سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران بووەتە پێشمەرگە و چەند جارێک بریندار بووە و کوڕێکیشی بە ناوی مستەفا شەهید بووە.
مستەفا قادری پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بووە و ساڵی ١٣٦٠ لە قزڵقوپیی مەهاباد لە تێکهەڵچوونێکدا شەهید بووە و تەرمەکەی لە ئاوایی لەج بە خاک سپێردراوە.
کاک برایم لە حیزبدا فێری خوێندن و نووسین بووە و خاوەنی کتێبێکە بە ناوی '' کیژە سابڵاغی'' کە شێعری هەموو بەرهەمەکانی تێدا نووسیوەتەوە.
کاک ئیبراهیم قادری کادری حیزب لە کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی بوو و ماوەیەکی زۆر وەک بەرپرسی بەشی تەداروکات لە نەخۆشخانەی شۆڕش لە "دەشتێو"ی قەڵادزێ ئەرکی حیزبی بەجێ دەهێنا.
مامۆستا برایم قادری کەسایەتییەکی خۆشناوی ناوچەی مەهاباد و دەوروبەر بوو. هەر لە تەمەنی لاوێتییەوە ئەوینداری نیشتمان و و دۆستی نزیکی ڕۆڵەکانی گەل، پێشمەرگە بوو. زۆر گۆرانیی بۆ پێشمەرگە دەوت کە چەندین جار بەم هۆیەوە لەلایەن ڕێژیمەوە تووشی ئەزیەت و ئازار بووە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو و هەروەها ئۆگرانی دەنگ وهونەرەکەی دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.