کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەختکردنەوەی وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لەسەر وڵامدانەوە بە هێرشی ئەم دواییەی ئیسرائیل

10:51 - 30 خەزەڵوەر 2724

عەباس عێراقچی جارێکی دیکە جەختی لەوە کردەوە کە ئێران "وادەی سادقی ٣" جێبەجێ دەکات. وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ بەسام سەباغ وەزیری دەرەوەی سووریە لە تاران ڕایگەیاند: ''سیاسەتی بەرگریی کۆماری ئیسلامی ئەوەیە کە نابێت هیچ دەستدرێژییەک بۆ سەر خاکەکەمان بێ وڵام بمێنێتەوە".

عێراقچی وتی: ''دوای دوایین هێرشی ئیسرائیل، ئێمە بە هەموو جیهانمان ڕاگەیاند کە ئەمە هێرشێکی نوێیە و کۆماری ئیسلامی بە تەواوی وڵامدانەوە بە مافی خۆی دەزانێت".

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، ئێران لە وڵامدا نە پەلە دەکات و نە وەدەرنگی دەخات و لە کات فۆرمی گونجاودا وڵام دەداتەوە.

سەبارەت بە گەڕانەوەی سیاسەتی "زۆرترین گوشارەکان" دوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترامپ بۆ کۆشکی سپی، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند، وڵامدانەوەی ئێران بۆ "زۆرترین گوشارەکان" وەک پێشتر "زۆرترین مقاومەت'' دەبێت.

هەروەها عەباس عێراقچی ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خەزەڵوەر، لە وڵامی پرسیاری فەرماندەکانی سپای پاسداران سەبارەت بە وڵامدانەوەی ئێران بۆ هێرشی ئەم دواییەی ئیسرائیل و جێبەجێکردنی وادەی سادقی ٣'' ڕایگەیاند، دوایین هێرشی ئیسرائیل هێرشێکی نوێیە و ئەم هێرشە شایەنی وڵامدانەوەیە''.

هاوکات ئاماژەی بەوەدا کە وڵامەکانی ئێران سنووردار و زیرەکانەیە، چونکە ئیسرائیل بەدوای شەڕدا دەگەڕێت و دەیەوێت ئەمریکاش بخاتە نێو ئەو شەڕە. هەروەها جەختیشی لەوە کردەوە کە ئێمە وڵامی هەموو هێرشەکانی ئیسرائیلمان داوەتەوە هەم لە کاتی خۆیدا و هەمیش پێشمان بە پەرەگرتنی شەڕەکە داوە.

لە دوای هێرشەکانی ئیسرائیل لە مانگی خاکەلێوە و خەزەڵوەر بۆ سەر خاکی ئێران، سپای پاسداران لە عەمەلیاتی "وادەی سادقی ١" بە نزیکەی ٣٠٠ مووشەکی بالستیک و کرووز و دڕۆن و لە عەمەلیاتی "وادەی سادقی ٢" بە زیاتر لە ١٨٠ مووشەکی بالستیک، هێرشی کردە سەر ئیسرائیل.