کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی جیا لە پشتیوانیی سەربازی لە حەماس، هەوڵی بۆ بەهێزکردنی شێعەمەزەبەکان لە غەززە داوە

11:06 - 30 خەزەڵوەر 2724

ڕۆژنامەی جرۆزاڵم پۆستی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە ئەرتەشی ئەو وڵاتە دەستی بە هێندێک بەڵگەنامە گەیشتووە کە نیشانی ئەدات کۆماری ئیسلامی ساڵانە دەیان میلیۆن دۆلار پارەی ڕادەستی گرووپی حەماس کردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە بەڵگەنامەکان لە کاتی ئۆپەراسیۆنێکی ئەرتەشی ئیسرائیل لە غەززە و بە لێکۆڵینەوە لەو چەکدارانەی حەماس کە لەلایەن ئەرتەشی ئیسرائیلەوە بە دیل گیراون، دەستیان بەسەردا گیراوە.

جرۆزاڵم پۆست بەپێی بەڵگەنامەکان ڕایگەیاندووە "کۆماری ئیسلامی بەتایبەت لە ساڵی ٢٠١٤ی زایینییەوە بەدوا بووەتە سەرەکیترین پشتیوانی حەماس و لەو کاتەوە چەکوچۆڵ، ڕاهێنانی سەربازی و سەدان میلیۆن دۆلاری بۆ چەکدارانی حەماس دابین کردووە، بە شێوەیەک کە تەنیا لە ساڵەکانی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ی زایینی زیاتر لە ٥٤ میلیۆن دۆلاری ڕادەستی لقی سەربازیی حەماس کردووە".

ڕاپۆرتەکە زیادی دەکات کۆماری ئیسلامی جیا لە پشتیوانییەکانی بۆ حەماس، پشتیوانیی لە ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی دیکەی غەززە کردووە و بەم مەبەستە پڕۆژەگەلێکی پەروەردەیی و کولتووریی لە غەززەدا بەڕێوە بردووە.

هەروەها بەڵگەنامەکان کۆمەڵێک زانیاریی نوێ سەبارەت بە دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئامادەکردنی حەماس بۆ ئەنجامی هێرشی ١٥ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو و هاواهەنگی لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنانیان خستووەتە ڕوو.

لەم پێوەندییەدا ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز ٢١ی ڕەزبەری ئەمساڵ لە ڕاپۆرتێکدا بەپێی کۆمەڵێک بەڵگەی نهێنی ڕایگەیاندبوو کە گرووپی حەماس لە ساڵی ١٤٠٠ـەوە سەبارەت بە هێرشیکی گەورە بۆ سەر خاکی ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا وتووێژی کردووە.

 جیا لەمانەی کە باس کران، ڕۆژنامەی جرۆزاڵم پۆست لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەیدا باسی لە بوودجەیەکی زۆر لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بۆ بەهێزکردنی شیعە مەزهەبەکان لە کۆمەڵگای سوننە مەزهەبی غەززە کردووە کە لەم بەڵگەنامانەدا دەرکەوتوون.

 

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی زۆر جار بە ڕەخنەگرتن لە وڵاتانی عەرەبیی سوننە مەزهەب، خۆیان وەک سەرەکیترین پشتیوانی خەڵکی غەززە کە سوننە مەزهەبن لە قەڵەم دابوو تاکوو وەها نیشانی بدەن کە لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیدا هیچ جیاوازییەک لە نێوان شیعە و سوننە مەزهەبەکان بوونی نییە.