لە ڕۆژانی ڕابردوودا و پێش گرانکردنی نرخی بەنزین، دەوڵەت بەرەبەرە هەموو جۆرە کاڵاکانی گران کردووە تاکوو بە وتەی خۆیان کۆمەڵگە بۆ گرانکردنی نرخی بەنزین ئامادە بکەن.
هەر لەم پێوەندییەدا بەرەبەیانیی دووشەممە ٢٨ی خەزەڵوەر بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و بەبێ هیچ ڕونکردنەوەیەکی زانستییانە و لەبەرچاونەگرتنی دۆخی نالەباری ژیانی خەڵک، نرخی ماشین ٣٠٪ گران بوو.
جیا لەم نرخە، دەنگۆی ئەوەش هەیە کە تا دوازدە لە سەدیش بەهۆی ماڵیات و بیانووگەلی دیکە بە نرخی گرانکراوی ماشین زیاد بێت.
لەلایەکی دیکەوە دەوڵەت نرخی نوێی دۆلاری کەرەستە پزیشکی و نەخۆشخانەییەکانی بە ٢٨ هەزار تمەن دیاری کردووە کە ئەم نرخە نوێیە ٥ تا ٦ ئەوەندە، کاڵا و کەرەستە پزیشکییەکان لە چەند مانگی داهاتوودا گرانتر دەکات .
هەروەها لە بواری وزە و سووتەمەنییەکاندا، شۆرای ئابووریی دەوڵەتی چواردەیەم گرانکردنی نرخی گازی شاریی پەسەند کرد.
بەپێی ئەم پەسەندکراوە وەزارەتی نەوت دەبێت بە هاوکاریی ڕێکخراوی بەرنامە و بوودجە، وەزارەتەکانی ئابووری و "سەنعەت و مەعدەن و تجارەت"، لە زووترین کاتدا نرخی نوێی گاز بۆ بەکارهێنانی ماڵان، دیاری بکەن.
هەر لەم پیوەندییەدا و بەپێی هەواڵە نێوخۆییەکان، ڕێژیم بە نانەواخانەکانی ڕاگەیاندووە کە دەبێ ئامادەکاری بۆ دابینکردنی تەنکی نەوت و گازۆئیل بکەن چون چیدیکە دەوڵەت توانای دابینکردنی گازی پێویستی نەماوە.
جیا لە گرانبوونی وزە، ڕۆژانە چەند کاتژمێر کارەبای گەڕەکەکان لە نێو شارەکاندا دەپچڕێ کە ئەوەش خۆی بووەتە هۆی خەساریک بۆ هێندێک لە پیشەکان کە پێویستییان بە کارەبا بۆ کارەکەیان هەیە.
هاوکات لەگەڵ ئەم شەپۆلە نوێیە لە گرانییەکان کە وێدەچێت تا پاش گرانکردنی بەنزین بەردەوام بێت، بارودۆخی خەڵک لە بواری ئابووریەوە خراپتر لە هەموو کاتێکی دیکەیە و دەوڵەتی نوێی ڕێژیمیش هیچ توانایەکی لە چارەسەرکردنی قەیرانەکان نییە.