کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەژاری و بەدخۆراکی و بێهیوایی بە ژیان لە بەلووچستان دوو ئەوەندەی ناوچەکانی دیکەیە

12:26 - 13 خەزەڵوەر 2724

لە هەر دوو منداڵی بەلووچستانی یەک منداڵ گیرۆدە بە بەدخۆراکییە و ٧٠ لەسەدی نێشتەجێیانی ئەم پارێزگایە ئەمنییەتی خۆراکیان نییە.

مونیر ئێفتخارنیا کارناسی ناوەندی تەندروستیی زانکۆی زانستە پزشکییەکانی زاهێدان ڕایگەیاندووە کە ئەمنییەتی خۆراک و بەدخۆراکی لە پارێزگای بەلووچستان بە ڕێژەیەکی زۆر زیاترە لە چاو پارێزگاکانی دیکەی ئێران.

ناوبراو لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئیلنا ڕوونی کردووەتەوە کە بەدخۆراکی لە هەموو تەمەنەکانی ئەم پارێزگا دەبیندرێت بەڵام کێشەی ئەم دیاردەیە بۆ منداڵان بەتایبەتی منداڵانی ژێر ٥ ساڵ جیددی و مەترسیدارترە.

ئێفتخارنیا زیادی کردووە کە پێنوێنەکانی وەک کێشی کەم، لاوازی و کورتی باڵا بۆ دیاریکردنی بەدخۆراکی بەکار دەبرێت کە بەپێی ئەم پێنوێنانە بەدخۆراکی لە بەلووچستان دوو هێندەی نێونجی ئێرانە.

دۆخی خراپی ئابووری بنەماڵەکان سەرەکیترین هۆکاری بەدخۆراکییە.

گرانی و هەڵاوسان بەتایبەتی گرانی خورادنەکان لە ئێران بەهۆی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و هەروەها گەمارۆکانی وڵاتانی ڕۆژاوایی بە هۆی پشتیوانیکردنی تاران لە تێرۆریسم و بەرنامە ئەتۆمییەکانی، بووەتە هۆی ئەوەی کە بنەماڵە هەژارەکان نەتوانن خواردنی پێویستیان دابین بکەن.

لەلایەکی دیکەوە کەمتر لە ٥٠ لەسەدی پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە پێکهاتەی فارسی شێعە مەزەب پێک هاتووە کە بەشێکی کەمی جوگرافیای ئەم پارێزگایان بە دەستەوەیە بەڵام پشکێکی زۆر زیاتر لە خەڵکی بەلووچیان لە سامانە گشتییەکان، خزمەتگوزارییە دەوڵەتی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم پارێزگا پێ گەیشتووە.

 پارێزگای سیستان و بەلووچستان زۆرینەی پێکهاتەیەکی بەلووچی سوننە مەزهەب و کەمینەی فارسی شێعە مەزەبی هەیە کە بەهۆی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەلووچەکان بەرەوە ناوچەکانی خوارەوەی ئەم پارێزگا دوور خراونەتەوە و بە درێژایی تەمەنی ئەم حکوومەتە سەرکوت کراون.

هێشتنەوەی ئەم پارێزگا لە هەژاری ڕەهادا لەکاتێکدایە کە بەلووچستان لاوترین حەشیمەتی لە ئاستی هەموو پارێزگاکانی دیکەی ئێران هەیە و نرخی بێهیوایی بە ژیان لەم پارێزگادا زۆر زیاتر لە نێونجی ئێرانە.

حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بە نەدانی بوودجەی پیویست بۆ ئاوەدانی لەم پارێزگا و هەروەها بە ئەمنییەتیکردنی بەلووچستان ڕێگە نادات کە پارێزگاکە گەشەی ئابووری بکات و ئەمەشی وەک سەرەکیترین ئامراز بۆ سەرکوتی خەڵکی بەلووچی ئەم پارێزگا بەکار هێناوە.

هەر لەم پیوەندییەدا حوسێنعەلی شەهریاری نوێنەری پارێزگای بەلووچستان لە مەجلیسی رێژیمدا ١٢ی خەزەڵوەر ڕایگەیاند "سیستان و بەلووچستان لە ڕوانگەی ئەمنییەتییەوە پارێزگایەکی سوور ڕاگەیەندراوە، چۆن دەکرێت پارێزگایەک بە دۆخی ئەمنییەتی سوورەوە گەشە بکات".