ڕۆژنامەی "کوردستان" لە تازەترین ژمارەی خۆیدا تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی هەموو هەڵبژاردنەکانی بەردەم کۆماری ئیسلامی بۆ ڕێژییم شکست و دۆڕانە. لە شیکاریی سیاسیی نوێترین ژمارەی ڕۆژنامەی "کوردستان"ی حیزبی دێموکراتدا هاتووە: سیاسەتی ناوچەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پشتبەستن بە هێزە نیابەتییەکانی و پێداگری لەسەر ستراتیژیی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی و جێخستنی واقعی هیلالی شیعی بەتەواوی هەرەسی هێناوە. ستراتیژیی "مەیدان" و ئامانج لە دروستکردنی میلیشیا و هێزە نیابەتییەکان ئەوە بوو ئەو هێزانە لەبری ئێران هێرش بکەنە سەر ئیسڕائیل، بەڵام لە ئاکامی تێکشکانی ئەو هێزانە و شکستی ئەو ئەو ستراتیژییە ئەوە کۆماری ئیسلامی خۆی ناچار بووە بۆ پشتیوانی لە هێزە نیابەتییەکانی ڕاستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ئیسڕائیل و؛ لە هێرشی پێچەوانەی ئیسڕائیلیشدا زۆر بنکەی نیزامی و مووشەکیی تێدا بچن.
خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بە هەڵگیرساندنی شەڕ دژی ئیسڕائیل هەڵەیەکی ستراتیژیی گەورەی کرد و بە دەستی خۆی خێرایی بە پڕۆسەی تێداچوونی کۆماری ئیسلامی دا و خۆی خستە دۆخێکەوە کە پێشتر خومەینی لە ئاکامی پێداگریی لەسەر درێژەپێدان بە شەڕ لەگەڵ عێڕاق تێیکەوتبوو. خومەینی بە ملدان بۆ بڕیارنامەی ٥٩٨ جامی ژارەکەی فڕ کرد و ئێستاش ئەوە خامنەییە کە یان دەبێ جامی ژاری بەچۆکداهاتن لەهەمبەر ئیرادەی دەسەڵاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بچێژێ؛ یان خۆی بۆ ڕووخان و هەرەسهێنان لە ئاکامی ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران ئامادە بکات.