مستەفا هیجری: خەڵکی ئێران پێویستە خۆیان بەهێز بکەن و بەهیوای هیچ لایەنێکی دەرەکی نەبن ڕزگاریان بکات
هەڤپەیڤین: عەلی بداغی
ئاماژە: ڕەوتی خێرای ڕووداوەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەرگای زۆر ئەگەر و هەلومەرج و گۆڕانکاریی نوێی بەڕووی ناوچەکەدا ئاوەڵا کردوە. کاریگەریی قووڵبوونەوەی قەیرانەکانی نێوان ئێران و کۆمەڵگەی جیهانی، ئەویش لە سێبەری ئەگەری پەرەسەندنی شەڕی ڕاستەوخۆی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئیسڕائیل دەکرێ هەم بە هەڕەشە و هەم بە دەرفەت بۆ جووڵانەوەی ناڕەزایەتیی خەڵکی ئێران بەدژی کۆماری ئیسلامی دابندرێ. "کوردستان" لە وتووێژێکدا لەگەڵ بەڕێز کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران باسی لەو گۆڕانکارییانە و شوێنداریی ڕووداوەکان لەسەر خەباتی مافخوازانەی گەلانی ئێران کردوە.
کاک مستەفا ئەگەر بە لێکدانەوەیەکی گشتیی جەنابتان لەسەر بارودۆخی سیاسیی ئێستای ئێران، ئەویش بە سەرنجدان بە قەیرانی سیاسی و پێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانی بچینە نێو باسەکەمانەوە؛ خوێندنەوەتان بۆ دۆخی سیاسیی ئێستای ئێران چییە؟
دۆخی ئێستای ئێران لە بواری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی و بەرینتربوونەوەی درزی نێوان حکوومەت و خەڵک درێژەی ئەو دۆخەیە کە هەر لە ساڵەکانی سەرەتای کۆماری ئیسلامییەوە دەستی پێ کردوە و ڕۆژبەڕۆژ زیاتر بەرەو خراپتر چووە، تا گەیشتۆتە دۆخی ئێستا. پێشبینیی ئەو دۆخەش بە درێژەدانی ئەو سیاسەت و بەرنامانەی ڕێژیم لە نێوخۆی وڵات، هەرێم و دونیا بەڕێوەی بردوە، شتێکی چاوەڕوانکراو بووە و بێجگە لەو ئاکامەی ئێستا شتێکی دیکەی لێ شین نەدەبوو. ڕووداوێک کە قووڵایی ئەم داماوی و کارەساتخوڵقێنییەی کۆماری ئیسلامی خێراتر و ڕوونتر دەرخست، ڕەهەندەکانی هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل بوو کە لە حەوتی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ دەستی پێ کرد. ئەمن لەو باوەڕەدام پێش دەسپێکی ئەو شەڕە ئیسڕائیل زانیاری لەسەر ئەو ڕاستییە هەبوو کە لەباری توانایی هێزی ئاسمانییەوە لە ئێران بەهێزترە، بەڵام درێژەی ئەو شەڕە، بەتایبەت دوای هێرشی ئاسمانیی ئیسڕائیل بۆ سەر ئێران لە ڕۆژی ٢٦ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٤، بۆ ئیسڕائیل دەرکەوت کە کۆماری ئیسلامی لەو بوارەدا زۆر لەوە زیاتر لاوازترە کە ئیسڕائیل بیری لێ دەکردەوە.
لەلایەکی دیکەوە کۆماری ئیسلامی بە دڵگەرمی و هیوای زۆر بە توانای خۆڕاگریی حەماس و بەتایبەت حیزبووڵڵا لەو بڕوایەدا بوو ئەو دوو هێزە قەڵایەکی بەرگری بێئەملاوئەولای حکوومەتن، بەڵام ئەو شەڕە و بەتایبەت کوژرانی ئیسماعیل هەنیە لە تاران و حەسەن نەسرووڵڵا لە لوبنان و دەیان ئەندامی سەرکردایەتی و فەرماندەری نیزانیی دیکەی ئەو گرووپانە، باڵادەستیی ئیسڕائیلی لەباری شەڕی هەوایی و سایبرییەوە چەندقات زیاتر لە پێشوو بۆ بەرچاوی دنیا و بەتایبەت کۆماری ئیسلامی دەرخست. هەڵبەت نابێ هەڵوێستی جیاوازی ئەمجارەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیی ناوچەکە بەرانبەر بە جۆرێک لە خەمساردی بەرانبەر بە حەماس و حیزبوڵلا لەبیر بکەین کە دەکرێ بە نیشانەی ئەگەر نەڵێین دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، بەڵکوو لاوازیی پێگەی ئەم ڕێژیمە لە ناوچەکەدا سەیری بکەین. لە ئاستی نێونەتەوەییشدا دیارە کە کۆماری ئیسلامی لە گۆشەگیرییەکی سەختی سیاسی و ئابوورییەدا گیری کردوە. بەڵام ئەوەی لە هەمووان گرینگترە، لاوازی و بێزراوبوونی زیاتری ڕێژیم لە نێوخۆی وڵاتە و بەهەر پێوانەیەکی لێکی بدەینەوە، دەگەینە ئەو ئاکامەی کە زۆرینەی کۆمەڵانی خەڵکی وڵات کۆماری ئیسلامییان ناوێ.
بە سەرنجدان بە قسەکانی خامنەیی و فەرماندەرانی نیزامیی کۆماری ئیسلامی، ئەگەری شەپۆلێکی دیکەی هێرشی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسڕائیل هەیە. لە ئەگەری ئەو هێرشەدا و لە بەردەوامیی ئەو دۆخەدا پێتان وایە ڕەوتی ڕووداوەکان بەرەو چ ئاقارێک دەڕوات؟
بێتوو کۆماری ئیسلامی هێرشێکی ڕاستەوخۆی دیکە ئەویش لە خاکی ئێران ڕا بکاتەوە سەر ئیسڕائیل، مەجالێکی باشتر دەڕەخسێ بۆ ئەوە ئەم وڵاتە هێرشێکی دیکە بکاتە سەر کۆماری ئیسلامی کە ئاستی وێرانکارییەکەی زۆر زیاتر بێ لە هێرشەکەی پێشوو، و شوێنە هەستیارەکان ئەو جارە بکاتە ئامانج، چوونکە بەدوای هەڵبژاردنی ترامپ دەستی ئیسڕائیل بۆ هێرشێکی ئەوتۆ ئاواڵەترە. درێژە پێدانی ئەو کێبرکێیەش زیاتر بە زەرەری ئێران تەواو دەبێ و، لە دۆخێکی ئەوتۆدا، مەترسییەکانی پەرەگرتنی زیاتری شەڕیش چاوەڕوان دەکرێ و پێناچێ کاربەدەستانی ڕێژیم ئەم دۆخە نەبینن و بێلێکدانەوە بیانهەوێ هێرشێکی دیکە بکەنە سەر ئیسرائیل. بۆیە من پێشبینی ڕوبەڕوونەوەیەکی توند و هەمەلایەنەی نیزامی ناکەم.
ئەم دۆخە سیاسی و ئەمنیەتی و نیزامییەی ئێستا چ کاریگەرییەکی بە لایەنی ئەرێنی و نەرێنی لەسەر بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی خەڵک لە ئێران داناوە؟
لەو دۆخە سیاسی ئەمنییەتی یەی ئێستادا کە شەڕەکە بەگشتی بە زیانی کۆماری ئیسلامی شکاوەتەوە، سەرەڕای توندوتیژتربوونی ڕێژیم بەدژی خەڵک و پەرەگرتنی ئێعدامەکان بۆ چاوترسێن کردنی خەڵک، ناڕەزایەتییەکان دژ بە دەسەڵات هەروا بەردەوامە. خەڵک وازی لە ماف و داخوازییەکانی خۆی نەهێناوە و لەگەڵ ئەوەیکە خوازیاری شەڕ نین، بەڵام لە لاواز دەرکەوتنی ڕێژیم و تێکشکاندنی هێزە نیابەتییەکان خۆشحاڵن. خەڵک لە چووکەترین دەرفەت بۆ گەیاندنی پەیامی ناڕەزایەتی و بێزاربوونی لە ڕێژیم کەڵک وەردەگرن و هەست بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی زیاتر لە نێو گەلانی ئیران زیاتر دەکرێ. بەگشتی پێداگرتر بوون لە داخوازەکانی خۆیان، بەتایبەتی کە خەڵک لە تێکشکانەکانی ڕێژیم چ لە شەڕەکانی ڕاستەوخۆی ئەو دوو لایەنە و چ شکانی هێزە نیابەتیەکان خۆشی دەردەبڕن، و هەر ئەمە ڕێژیمی زیاتر لە پێشوو لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران خستۆتە پەراوێزەوە. بەم شێوەیە دەتوانین بڵێین سەرەڕای نیگەرانی خەڵک لە داهاتووی ژیان و مەعیشەتیان بەڵام هیوادارترن و لە خەبات کۆڵیان نەداوە.
زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژ لە دەوڵەتی مەسعوود پزشكیان تێپەڕی و دەکرێ ئەم ١٠٠ ڕۆژی یەکەمە بە پێوەر بۆ هەنگاوەکانی دەوڵەت وەربگیردرێ. لەم بارەیەوە چۆن باس لە کارنامەی دەوڵەتی پزشکیان دەکەن؟ هەروەها لێکدانەوەتان بۆ هەندێ جووڵەی سیاسیی پزشکیان چییە، بۆ نموونە ئەوە کە بۆ یەکەمجار کوردێکی کردووەتە یەکێک لە جێگرەکانی خۆی، ئایا ئەمە دەکرێ بە کرانەوەی سیاسی لە کۆماری ئیسلامیدا تەعبیر بکرێت؟
بەشێوەی گشتی سەت ڕۆژی سەرەتای دەست بەکار بوونی سەرۆککۆمارەکان بە پێوەر دادەنرێ بۆ چۆنیەتیی تێپەڕبوونی باقی سەردەمی دەسەڵاتیان. بەڵام من بۆخۆم لەمێژساڵە بەو قەناعەتە گەیشتووم لە ئێراندا سیستەمێکی ڕەقی نەگۆڕ و چەقبەستوو دینامیزمی جووڵە و کردارە لە بەڕێوەبردنی سیاسەتی نێوخۆ و دەرەوەی وڵات، ئەویش ڕێبەری گشتی (وەلی فەقیهـ)ە، سەرۆککۆماریش وەکوو باقی بەشەکان لە چوارچێوەی ئەو سیاسەت و بڕیارانە کە لە بەیتی ڕێبەری دەدرێن ئەرک بەڕێوەبەرن، لە ئێستادا ئەم شارەزایی و هەڵسەنگاندنە لە ڕادەی دەسەڵاتی سەرۆککۆمارەکانی کۆماری ئیسلامی، بۆ وڵاتانی ئەمریکا و ئوروپا و بگرە هەموو وڵاتانی ناوچەکەش هەروایە. بۆ نموونە لەو ساڵانەی دواییدا زۆرجار لە بەرپرسانی پلەبەرزی ئەو وڵاتانەشمان بیستوە کە وتوویانە ئێمە لەسەر کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی حیساب دەکەین نەک درووشمەکانیان.
پێوەندیدار بە بەشی دووهەمی پرسیارەکەتان دیارە دیاریکردنی کوردێک وەکوو جێگری سەرکۆمار لە ئاستی خۆیدا بە کارێکی باش دادەنێم، بەڵام نەک وەکوو کرانەوەیەک بەڕووی ئازادی و گەشەکردن لە ئێراندا. چوونکە کرانەوەی سیاسی پێناسەیەکی دیکەی هەیە کە بۆخۆی پێویستی بە شیکردنەوە و باسێکی زۆرترە. لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ماهییەتی نیزامەکە کە لە حکومەتی وەلایەتی فەقیهـدا شکڵی گرتووە، هێژموونیی بەسەر سەرجەم جومگەکانی ڕێژیمەکەدا سەپاندوە و بەکردەوە دەوڵەت و یاسا و ئەوانی دیکە خاوەنی ئوتوریتەیەکی ئەوتۆ نین کە تەنانەت ئەگەر بشیانهەوێ، بتوانن ئاوڕدانەوە و کرانەوەیەک بکەن.
هەر لە چوارچێوەی ئەو باسەدا و بۆ ئاکامگیرییەک لەسەر ئەو بابەتە؛ پزشکیان ناوی دەوڵەتەکەی ناوە "وفاق ملی"، واتە یەکگری و هاوپێوەندیی هەمەلایەنەی هەموو ئێرانییەکان. هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ ئەم بابەتە چییە؟
ئەوەش کە پزشکیان دەوڵەتی خۆی بە ناوی "دەوڵەتی وێفاق " دەناسێنێ هەر ناوێکی بێنێوەرۆکە. لە ئێراندا باوە هەر دەوڵەتێک ناوێکی بۆ دانراوە وەکوو "دەوڵەتی سازەندەگی" یان "دەوڵەتی وێفاق" و تەنیا لەبەر ئەوەی یەکێک لە جێگرەکانی سەرکۆمار کورد و یەکیان بەلووچ و ... بێ دەوڵەت نابێتە دەوڵەتی وێفاق. لە کاتێکدا لە یاسای بنچینەیی (قانون اساسی)دا دەوڵەت لەسەر شەریعەتی ئیسلامی وێلایەتی فەقیه، تەنیا یەک زمان بە فەرمی ناسراوە، قسەکردن لەسەر دەوڵەتی وێفاق میللی زۆرتر وەکوو سەهۆڵی برژاو دەچێ! ئەو وێفاق و تەباییەش کە پزیشکیان باسی لێوە دەکات، ئەوەندەی نیشانی داوە هیچ پێوەندییەکی بە کۆمەڵگە و خەڵکەوە نییە. ئەو باسی تەبایی نێوان جەناح و لایەنەکانی بەشدار لە ڕێژیمدا دەکات کە وک وتمان هیچ پێوەندییەکی بە خەڵکەوە نییە. هەرچەند بەو درز و کەلێنە فکری و ئیدئۆلۆژی و بەرژەوەندییانەی کەوتۆتە نێو بەرەجۆراوجۆرەکانی ڕێژیمیشەوە، هیچ وێناچێ دەوڵەتی پزیشکیان تەنانەت لە پێکهێنانی ئەو وێفاقەشدا کارێکی پێ بکرێ.
بابەتێکی ڕۆژەڤی دیکە گەڕانەوەی دۆناڵد ترامپ بۆ کۆشکی سپییە. لەو بارەیەوە شرۆڤە و لێکدانەوەی جۆراوجۆر دەکرێ. پێتان وایە بەڕێوەبەرایەتیی نوێی ئەمریکا دۆخێکیتر لە پێوەندی لەگەڵ ئێراندا دروست دەکات کە کاریگەریی لەسەر خەباتی سەرانسەریی خەڵکی ئێران دژ بە کۆماری ئیسلامی دابنێت؟
دۆناڵد ترامپ کەسایەتییەکی پێشبینی نەکراو و پڕاگماتیکە، بۆیە زۆر بەزەحمەتە لە ئێستاوە بڵێین بەڕوونی چۆن لەسەر ئێران بەرنامەڕێژی دەکا؛ بەڵام بەپێی هەڵسوکەوتی لە ماوەی سەرۆککۆماریی دەورەی ڕابردووی و هێندێک کەسایەتی گرنگی حکوومەتەکەی کە تا ئێستا دیاری کردوون. لەلایەکی دیکەوە شێوەی هەڵسوکەوتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە دەورەی پێشوودا، حەول دەدا کۆماری ئیسلامی بخاتە ژێر زەختێکی فرە ڕەهەند بە مەبەستی ئەوەی مەرجەکانی خۆی بەسەریدا بسەپێنێ، ئاکامی ئەو زەختە دەتوانێ لە ڕاستای بێهێزترکردنی کۆماری ئیسلامیدا بچێتە پێش و بواری زیاتر بۆ پەرەگرتنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە نێوخۆی وڵات و کار و چالاکی زیاتری ئازادیخوازان بڕەخسێنێ. بەڵام خەڵکی ئێران بەدەر لەو ئەگەر و نەگەرانە دەبێ بۆخۆیان بە یەکگرتوویی و خۆڕاگری و پشتبەستن بە هێزی خۆیان، خۆیان بەهێز بکەن و لە خەبات نەوەستن و بەهیوای هیچ لایەنێکی دەرەکی نەبن کە ئەوان ڕزگار بکەن.
وەک دواپرسیار و ئاکامگیرییەکی گشتی لە باسەکەمان. ئەم ئەگەرانەی لە بەردەم کورد و ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامیدان و ئەو ئەرک و زەروورەتانەی کە دەبێ بە هەند وەربگیرێن کامانەن؟
ئەوەی کە تا ئێستا لە دەرەوەی وڵات بە ناوی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی ناسراوە، زۆر لەوە لاوازتر و بەربڵاوترە کە بتوانێ هەلومەرجەکان بە قازانجی خەڵک بقۆزێتەوە. بۆیە کە باسی ئۆپۆزیسیۆن دەکەین مەبەست ئۆپۆزیسیۆنی نێوخۆیە کە دەبێ خۆی سازمان بدا. بۆ ئەم کارە پێش هەموو شتێک پێویستە خەڵک لە نێوخۆی وڵات بە هەموو پێکهاتەکانەوە زیاتر حیساب لە سەر هێز و بتانسێلەکانی خۆی بکات. لایەنە سیاسییەکانیش پێویستە بۆ مەسەلەی ئالترناتیڤسازی ڕوانگە و وەزەمان زیاتر ڕووی لە نێوخۆی وڵات بێ. ڕاستە ئەم کارە ئاسان نییە بەڵام پێویستە کاری لەسەر بکرێ.
کاک مستەفا زۆر سپاس کە کاتتان بۆ ئەو دیمانەیە دانا
ئێوەش ماندوو نەبن