کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چارەسەری سەرەکی هەر ڕووخاندنی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامییە

13:38 - 30 خەزەڵوەر 2724

چارەسەری سەرەکی هەر ڕووخاندنی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامییە

 

ڕەحمان گەورکی

ماوەیەکە هەواڵەکانی پەیوەست بە چالاکییەکانی ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە بۆمبی ئەتۆمی و وتووێژەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چوونەتە پەراوێزەوە. ئایا ڕژێمی ویلایەتی فەقیه پاشەکشەی کردوە لە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی یان گۆڕانکاری لەم پرسەدا ڕووی داوە؟

بیرۆکەی "پاشەکشەکردنی ڕێژمی ئایینی ئێران لە چەکی ئەتۆمی" لە تراویلکە بەدەر نییە. چونکە ئەم دەسەڵاتە، هەر لە سەرەتاوە هەوڵی داوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و چارەنووسی گەلانی جیهان بەم شێوەیە بە بارمتە بگرێت و لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە!

دوای ئاشكرابوونی پڕۆژە ئەتۆمییەکانی ڕێژیم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی هەوڵی دا بەرەنگاری پرۆژە ترسناکەی ڕێژیم ببنەوە، بەڵام ڕێگایەکی هەڵەیان گرتەبەر. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێی وابوو بە وەستانەوە لە دژی پڕۆژە ئەتۆمییەکانی ڕێژیمی ئێران و بە تایبەتی بە پێدانی باج بەم ڕێژیمە، دەتوانێت پێش بە بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی ڕێژیمی ئێران بگرێت. بەڵام ئەم ستراتیژەیش بە "تراویلکە" دەرچوو.

ئەوەی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگوزەرێت، بەرهەمی ڕاستەوخۆی سیاسەت و ستراتیژی شەڕخوازانەی ڕژێمی ویلایەتی فەقیهی ئاخوندییە کە نەک هەر ناوچەکەی ئاگر تێبەرداوە، بەڵکو هەڕەشەی لەنێوبردنیشی دەکات. ئەوانەی تا ڕادەیەک واقیعبینن دەزانن سەری ڕەشەماری شەڕەنگێزی و ئاژاوەگێڕی و بناژۆخوازی ئیسلامی لە تارانە و چارەسەری سەرەکییش هەر ڕووخاندنی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامییە.

دۆخی ناوچەکە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە سووریە، عێراق، یەمەن، ئێستاش ئەوەی لە لوبنان ڕوو دەدات، بەرهەمی راستەوخۆی بیرۆکەی "ویلایەتی فەقیهی"یە کە لە ساڵی ١٩٧٩وە حوکمی ئێران دەکات و هەوڵی داوە بۆ فراوانکردنی  تا  لانیکەم دەست بەو بەشە جیهاندا بگرێت!

ڕێژیمی دیکتاتۆریی مەزهەبی ئێران، ئەوەی روو لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانی کردبێت یان ئەوەی دەیکات، بۆ لەسەر پێ مانەوەیەتی لە ئێراندا. خەڵکی ئێران هەر لە سەرەتاوە دەسەڵاتێکی لەمجۆرەیان نەویستووە و نایانەوێت. ئەوان دیکتاتۆریی پاشایەتییان رووخاند، بەو هیوایەی ماف و ئازادی و دیموکراسی بێتە دی لەم خاکە دێرینەدا! بەڵام نەک هەر ئەوە ڕووی نەدا، بەڵکو دیکتاتۆرییەتێکی دزێوتر و خوێنڕێژتر هاتە سەر کار، کە بەهەندوەرگرتنی هەستی ئایینی خەڵک و دەستوەردان لە کاروباری وڵاتان و فرەخوازی، لە تایبەتمەندییە دیارەکانیەتی. ئەم ڕژیمە بە هۆی سیاسەت و ستراتیجی هەڵەی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە، هێشتاش حوکمی ئێران دەکات.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا خەڵکی ئێران زۆر جار ڕژاونەتە سەر شەقامەکان بۆ ئەوەی "سەری ئەم ڕەش‌مارە پان بکەنەوە و لە پێناویدا دەیان هەزار رۆڵەی بەجەرگی خۆیان کردۆتە قوربانی! ئەوەی پێویستە گەلانی ناوچەکە سەرنجی بدەنێ، ئەو ڕاستییەیە کە "شەڕی سەرەکی، بەرەنگاربوونەوەی خەڵکی ئێرانە بەرانبەر بە دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی". لەم ڕوانگەیەوە، هەم پێویستە بە فەرمی دان بە مافی ڕەوای خەبات و تێکۆشان بۆ خەڵکی ئێران بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی بنرێت و هاوکارییان بکرێت، هەمیش خۆیان پارێزراو بن لە دەستدرێژیکردن و هێرشی ئەهریمەنێکی لەو شێوەیە. جگە لەمەش هیچ چارەسەرێک نییە و هەرچییەک بێت، هارتربوونی ئەم ئەهریمەنەیە، کە بەبێ ترس بەردەوامە لە تاوانەکانی. تا ئەم شەڕە سەرەکییە یەکلایی نەبێتەوە، مەودای شەڕەکە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕۆژانە ڕەهەندی فراوانتر بە خۆیەوە دەگرێت. ئەوەی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگوزەرێت دەرکەوتەیەکی ئەم شەڕە سەرەکییەیە.

با بگەڕێینەوە سەر ئەو پرسیارەی لە سەرەتادا کرا. ڕێژێمی ویلایەتی فەقیهی، وەک دیاردەیەکی شێرپەنجەیی وایە دزەی کردۆتە نێو جەستەی کۆمەڵگەی جیهانییەوە و نابێ ڕێگە بدرێت بژیت و بمێنێتەوە. تێپەڕبوونی ٤٥ ساڵ بەسەر دەسەڵاتی شووم و تاوان و تاڵان لە ئێران و دەستێوەردانەکانی ئەم ڕێژیمە لە کاروباری وڵاتان بەسە، بۆ ئەوەی ئەم دیاردەیە "بنەبڕ" بکرێت و دان بە مافی ڕەوای خەڵکی ئێراندا بنرێت بۆ لەنێوبردنی ئەم ڕێژیمە.

خەڵکی ئێران بەتایبەت لە کوردستان هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری ئەم ڕێژێمەوە خۆڕاگرییان کردوە و هەرگیز لە بەرانبەر دیکتاتۆرییەتدا سەریان دانەنواندوە و ئێستاشی لەگەڵ دابێت، لەسەر ئەم باوەڕەیە کە "ئێران شوێنێک نییە بۆ دیکتاتۆرییەت. شوێنی دیکتاتۆرییەت زبڵدانی مێژووە". خەبات و خۆڕاگرییەک کە ڕەگ و ڕیشەی لە قوڵایی کۆمەڵگەی ئێراندا هەیە و نرخێکی زۆریشی بۆ داوە.

جموجۆڵەکانی ئەم ڕێژیمە لە بواری ئەتۆمیدا، وەک چالاکییەکانی تری، بۆ درێژکردنەوەی تەمەن و مانەوەیەتی لە دەسەڵاتدا. بەڵام  بە هۆی خەباتی بەربڵاو و هەمەلایەنەی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران ئەم ڕێژیمە لە هەموو بوارەکانی نێوخۆ و دەرەوەی ئێراندا تووشی قەیران بووە و جگە لە "نەمان" هیچ ڕێگایەکیتری لەبەردەمدا نەماوە. بۆیە تاکە چارەسەر بۆ کێشەی ئێران "ڕووخاندنی دیکتاتۆرییەت"ی کۆماری ئیسلامی بە پشتیوانیکردن لە خەباتی ڕەوای خەڵکی ئێرانە.

***