هەواڵدەریی ڕویتێرز لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە ڕێژیمی ئێران پێشنیاری داوە پاشەکەوتی ئۆرانیۆمی پیتێندراوی خۆی، هەتا ئاستی ٦٠ لەسەدی زیاتر نەکات بەو مەرجەی هێزە ڕۆژاواییەکان چاوپۆشی لە پەسەندکردنی بڕیارنامەی شۆرای حوکامی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی بکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕویتێرز، ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لە یەکێک لە دوو ڕاپۆرتی نهێنیی خۆیدا ڕایگەیاندووە هەوڵە سەرەتاییەکان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارنامەکەمان دەست پێ کردووە بەڵام دیپلۆماتەکانی ڕۆژاوا ئەو پێشنیارەی ڕێژیمیان وەکوو ''هەوڵدان لە دوایین کاتەکاندا'' بۆ ڕێگریکردن لە تاوانباری لە قەڵەم داوە و دەڵێن پیتاندنی ٦٠ لەسەدی هیچ بیانوویەکی غەیرەنیزامی نییە و ڕێژیم لە دواییدا دەتوانێت بە ئاسانی دەست پێ بکاتەوە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە پاشەکەوتی ئۆرانیۆمی ڕێژیمی ئێران هەتا ڕێکەوتی ٢٦ی ئۆکتۆبر، دەگاتە ١٨٢.٣ کیلۆگرام، کە ئەو ڕێژەیە بەپێی پێوەری ئاژانس بۆ بەرهەمهێنانی چوار چەکی ناوکی، بەسە.
ڕویتێرز هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕێژیمی ئێران ڕێگەی داوە چوار چاوەدێری نوێی ئەو ئاژانسە سەردانی ئێران بکەن بەڵام هیچکام لەو چاوەدێرانەی تێدا نییە کە پێشتر ڕێگری لە چوونیان بۆ ئێران کرابوو.
هەر لەو پێوەندییەدا بڕیارنامەی ئاژانسی نێونەتەوەیی کە لەلایەن بریتانیا، فەرانسە، ئاڵمان و ئەمریکاوە پەسەند کراوە، ڕێژیمی ئێران بەهۆی هاوکارینەکردن لەگەڵ ئاژانسدا، مەحکووم کراوە.
ڕویتێرز ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەگەری زۆرە ئەو بڕیارنامەیە پەسەند بکرێت چونکە تەنیا ڕووسیە و چین دژی پەسەندکردنی ئاوا بڕیارنامەیەکن.
ئەو هەواڵدەرییە جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ئامانج لەو بڕیارنامە، گوشاری زیاترە بۆ سەر ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە هەتا بگەڕێتەوە بۆ سەر دانوستان و بەرنامەی ناوکییەکانی سنووردار بکات.
شایانی باسە ئەو بڕیارنامە لە دوایین ساتەکانی ڕێککەوتننامەی ٢٠١٥دا و لە ئاکامی سیاسەتە سەختیگیرانەکانی ترامپدا دژی ڕێژیمی ئێران، گەڵاڵە کرا.