کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاوێژکاری خامنەیی: ڕەنگە سەرلەنوێ بە بابەتی دروستکردنی چەکی ئەتۆمیدا بچینەوە

17:50 - 13 خەزەڵوەر 2724

کەماڵ خەڕازی، ڕاوێژکاری خامنەیی و سەرۆکی ئەنجومەنی ستراتێژیکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ڕێژیم، وتی: تاران لە ئێستادا توانای تەکنیکیی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی هەیە، بەڵام ئەگەر پێویست بکات دوکتورینی ئەتۆمی خۆمان دەگۆڕین.

کەماڵ خەڕازی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ شەبەکەی ئەلمەیادین نزیک لە حیزبوڵڵای لوبنان، ئاماژەی بەوە دا کە حکوومەتی ئێران چیتر ئورووپاییەکان و لایەنەکانی ناو بەرجامی ناوێ و بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێران دەتوانێ سەرلەنوێ پێداچوونەوە بە بابەتی چەکی ئەتۆمیدا بکەن.

هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە بە فتوای ڕێبەری ڕێژیم عەلی خامنەیی لە ئێستادا بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی قەدەغە کراوە، بەڵام ڕەنگە ئەم سیاسەتە لە بارودۆخی نائاساییدا بگۆڕێت.

هەروەها لە وڵامی ئەو پرسیارەی ئایا ئێران خۆی بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل ئامادە دەکات، وتی: بەدڵنیاییەوە ئێران وڵام دەداتەوە؛ لە کاتی گونجاودا و بە شێوەیەکی دروست.

بە وتەی خەڕازی، ئیسرائیل لە هێرشەکەی بۆ سەر ئێران“هەڵەی موحاسباتی کردووە".

خەڕازی هەروەها سەبارەت بە ئەگەری شەڕێکی تەواو لە نێوان ئێران و ئیسرائیل وتی: ئێمە ئامادەین بۆ شەڕ. بەڵام ئێمە نامانەوێت شەڕەکە تەشەنە بکات. بەو هێرشانەی کە بۆ سەر ئیسرائیل کردوومانە، خۆڕاگریی خۆمان سەلماندووە. ئەوە پێوەندی بە ئیسرائیلییەکانەوە هەیە کە ئەگەر بەڕاستی بیانەوێت بەردەوام بن، ئێمە بە شێوەیەکی توند وڵامیان دەدەینەوە.

 ناوبرا سەبارەت بە هێرشی ئەم مانگەی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر زیاتر لە ٢٠ ناوەند و دامەزراوەی سەربازیی ئێران ئیدیعای کرد کە ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل دژی هێرشە مووشەکییەکەمان زۆر بچووک بوو.

ڕاوێژکاری خامنەیی هەروەها لە چاوپێکەوتنەکەیدا ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران چیتر خەمی نیگەرانییەکانی ئورووپا سەبارەت بە مەودای مووشەکەکانی بالستیکی نێوان وڵاتانی نییە و بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە کە ئێران مەودای مووشەکی خۆی پەرەی پێ بدات و زیادی بکات.