هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە ڕێژەی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییان بە هۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە ئێراندا بە بەردەوامی لە بەرزبوونەوەدایە، بەرپرسی کۆمیسیۆنی جەوانیی حەشیمەت ڕایگەیاندووە کە ساڵانە زیاتر لە ٥٠٠ هەزار کۆرپەڵە لە ئێراندا لەبار دەبردرێن.
بەپێی ئامارەکان، ڕێژەی لەباردبردنی کۆرپەڵە لە ئێراندا ٢٠ هێندەی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییان بە هۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆیە.
ئەمیرحوسێن بانکیپوور، لە کاردانەوە بە قسەکانی وەزیری بێهداشتی ڕێژیمدا کە بەرزبوونەوەی ٢٠ هەزاریی کەسیی گیانلەدەستدانی منداڵان و مێرمنداڵانی لە ڕووداوەکانی هاتوچۆدا بە هۆکاری کەمبوونەوەی حەشیمەت ناو بردبوو، ڕایگەیاند کە ڕێژەی گیانلەدەستدان بە هۆی لەباربردنی کۆرپەڵە، ٢٠ هێندەی مردن بە ڕووداوەکانی هاتوچۆیە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕێژیم بە بەردەوامی خەریکی توندکردنەوەی ڕێوشوێنەکان بۆ پێشگرتن لە لەباربردنی نایاسایی کۆرپەڵە و هاوکات لەگەڵ ئەمەش هیچ ئامارێکی ڕاستەقینە لە ڕێژەەی لەباربردنی کۆرپەڵە لە بەر دەستدا نییە.
بە وتەی بانکیپوور، لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا، ڕێژەی لەدایکبوونەکان لە یەک میلیۆن و ٥٨٠ هەزارەوە گەیشتووەتە یەک میلیۆن و ٤٠ هەزار و ٥٤٠ هەزار لە ئامارە ساڵانەکە کەمی کردووە.
هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ زۆرکردنەوەی حەشیمەت لەکاتێکدایە کە بەپێی یاسای جەوانیی حەشیمەت، پزیشکەکانی بواری ژنان ئیزنیان نییە نە وەک پیشنیار و نە وەک فێرکاری باسی پێویستییەکانی تەتەڵەکردن بە مەبەستی پێشگرتن لە لەدایکبوونی منداڵان بە کێشە و نەخۆشیی زگماکییەوە بکەن.
هەر لەم پێوەندییەدا ڕۆژنامەی شەرق لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردبوو کە لە ساڵی ١٤٠١دا، بۆ پڕوپاگەندە، فێرکاری، هاندان یان تەنانەت ناساندنی کەرەستە پێویستەکان بۆ لەباربردنی کۆرپەڵە، لە سۆشیاڵ میدیادا، سزای پێنج هەتا ١٥ ساڵ بەندکران دیاری کراوە.
بە پێی ئامارە بڵاوکراوەکان، لە جۆزەردانی ئەمساڵدا، ئاماری لەبەربردنی کۆرپەلە لە ئێران بە شێوەی ساڵانە ٤٠٠ حاڵەت ڕاگەیەندراوە کە تەنیا ١٠ هەتا ١٢ حاڵەتی بە مۆڵەتی یاسایی بووە.
عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم لە ساڵی ٩٠ی هەتاویدا و بە ڕەخنەگرتن لە سیاسەتی کەمکردنەوەی حەشیمەت لە دەیەکانی ٧٠ و ٨٠دا، خوازیاری بەرزکردنەوەی ڕێژەی حەشیمەتی ئێران هەتا ٢٠٠ میلیۆن کەس بوو.
دوابەدوای ئەم داواکارییە، مەجلیس لە ساڵی ٩٤دا گەڵاڵەیەکی پەسەند کرد و بەم پێیە دەسپێڕاگەیشتن بە کەرەستەکانی پێشگرتن لە منداڵبوونی خوازراو، قەدەغە کران.
لە پاییزی ١٤٠٠یشدا، شۆرای نیگەهبان یاسای جەوانیی حەشیمەتی پشتڕاست کردەوە و لەم پێوەندییەدا بە ڕێژەیەکی زۆر سنوور بۆ پێشگرتن لە منداڵبوون دانرا.