کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکاریی ئیسرائیل بۆ گونجاندنی مافی هێرش بۆ سەر حیزبۆڵڵا لە ڕێککەوتننامەی ئاگربەستدا

10:58 - 1 سەرماوەز 2724

بەرپرسانی ئیسرائیلی ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی خەزەڵوەر، ڕایانگەیاندووە کە خوازیاری ئەوەن مافی هێرش بۆ سەر حیزبۆڵڵا وەکوو بەشێک لە هەر جۆرە ڕێککەوتننامەیەکی ئاگربەست لە لوبناندا، بگونجێنن.

یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری و گیدئۆن ساعێر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل وتوویانە: ئیسرائیل دەیهەوێت لە ئەگەری هەر ڕێککەوتننامەیەکدا مافی وڵامدانەوەی بە پێشێلکردنی ئاگربەست لەلایەن حیزبۆڵڵاوە، هەبێت.

یەکێک لە خاڵەکانی ئەو ڕێککەوتننامەیە، چوونەدەرەوەی حیزبۆڵڵا و ئەرتەشی ئیسرائیلە لەو ناوچەیە کە لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە باشووری لوبنان دیاری کراوە.

شایانی باسە نیشانەگەلێک لە بەرەوپێشچوونی ڕێککەوتننامە بەدی دەکرێت و ڕێبەری حیزبۆڵڵا ڕۆژی چوارشەممە وتوویەتی؛ پشتیوانی لەو دانوستانە دیپلۆماتیکە دەکەین کە لە ئیستادا کارایە.

نەعیم قاسم، ڕێبەری حیزبوڵڵا هەروەها ڕایگەیاندووە؛ ئێمە چەند تێبینییەکمان هەیە و مەرجی ئازادیی هاتوچۆ بۆ سەربازانی ئیسرائیلی لە لوبناندا ڕەت دەکەینەوە.

هاوکات گیدئۆن ساعێر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، وتوویەتی: لە هەر ڕێککەوتنێکدا، ئیسرائیل دەبێت ئازادیی کردەوەی هەبێت.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هەروەها وتوویەتی: ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ پارێزگاری لە شارۆمەندانی لە بەرامبەر حیزبۆڵڵادا مەرجی هەر جۆرە چارەسەرکردنێکی سیاسییانە لە لوبنان بە مافی ڕەوای خۆی دەزانێت.

ئەوە لە کاتێکدایە ئامووس هۆکستاین، ڕاوێژکاری باڵای جۆ بایدێن لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، هەوڵی ڕاکێشانی هەر دوولای بۆ بە ئاکامگەیاندنی ڕێککەوتننامە داوە و لەم حەفتەیەدا لەگەڵ بەرپرسانی لوبناندا دادەنیشێت.

هەر لەو پێوەندییەدا ئامووس هۆکستاین، وتوویەتی: لەم ماوەیەدا سەردانی ئیسرائیلیش دەکات هەتاکوو هەر دوولا بگەیەنێتە ڕێککەوتن و لەو بوارەوە وتوویەتی: بەرەوپێشچوونێک هەیە بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ڕێککەوتنی کۆتایی.