ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خەزەڵوەر بڕیارنامەی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئاگربەستی دەستبەجێ و بێ هیچ مەرجێک لە غەززەی، ڤێتۆ کرد.
پێشنووسی ئەم بڕیارنامەیە لەلایەن دە وڵاتی ئەندامی کاتیی شۆرای ئەمنییەتەوە ئامادە کرابوو و چواردە وڵاتیش پشتیوانیی خۆیان بۆ ئەم بڕیارنامەیە ڕاگەیاندبوو.
بڕیارنامە ڤێتۆکراوەکە خوازیاری ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ لە غەززە بۆ هەمیشە و بێ هیچ مەرجیک بووە و هەروەها داوای ئازادکردنی هەموو بارمتەکانی ژیر دەستی حەماسی کردبوو.
بە وتەی چەند دیپلۆماتێکی ئاگادار، پیشنووسەکە ناڕەزایەتیی ئیسرائیلی بەدواوە بووە و پێشبینی ئەوە کراوە کە ئەمریکا بۆ جارێکی دیکە لە مافی ڤێتۆکردنی خۆی کەڵک وەردەگرێت.
ئەمە جاری یەکەم نییە کە بڕیارنامەکانی شۆرای ئەمنییەت سەبارەت بە شەڕ لە غەززە بەرەوڕووی ڤیتۆی ئەمریکا دەبێتەوە.
لە سەرەتای دەسپێکی شەڕەوە ڕەوتی پەسەندکردنی بڕیارنامەکانی ئەم شۆرایە لەگەڵ ڤیتۆی ئەمریکا و هەروەها تێکدانەکانی چین و ڕووسیە بەرەوڕوو بووەتەوە.
ڕابێرت ڤوود جێگری باڵوێزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ڤێتۆکردنی ئەم بڕیارنامەیە لەلایەن ئەمریکاوە ڕایگەیاندووە کە واشینگتۆن تەنیا پشتیوانی لە ڕێککەوتننامەیەک دەکات کە ئازادکردنی دەستبەجێی هەموو بارمتەکانی تێدا لە بەرچاو گیرابێت.
ئەم بڕیارنامە سەرەتا جەختی لەسەر ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ و بێ هیچ مەرجێک کردووەتەوە پاشان لە بەشێکی دیکەدا داوای ئازادکردنی بارمتەکانی ژێر دەستی حەماسی کردووە.
بەرپرسێکی دیکەی ئەمریکا سەبارەت بە ڕەوتی ڤێتۆکردنی بڕیارنامەکانی شۆرای ئەمنییەت لە پێوەندیی لەگەڵ شەڕی غەززە ڕایگەیاندووە، دوو وڵاتی چین و ڕووسیە و هەروەها هێندێک لە وڵاتانی ئەندام لە شۆرای ئەمنییەت لەجیاتی هەوڵدان بۆ ئاشتەوایی و چارەسەری کێشەکە لە بڕیارنامەکاندا، خوازیاری ئەوەن تاکوو ڤیتۆکردنی بڕیارنامەکان لەلایەن ئەمریکاوە ببینن.