ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خەزەڵوەر، سەدان مامۆستای خانەنشینکراو لە بەردەم مەجلیسی و ڕێکخراوی بەرنامە و بوودجەی ڕێژیم کۆ بوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی و داوای جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان کرد.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو مامۆستا خانەنشینکراوانە لەو کۆبوونەوەیەدا ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە جێبەجێنەکردنی بڕیاری ڕێژەییکردنی مووچەی خانەنشینکراوان لە ساڵی ١٤٠٠ و پلەبەندیکردنی ٩٠٪ ی مووچەکانیان کرد.
پێگە هەواڵدرییەکانی فەرهەنگییان، رێژەی بەشداربووان لەم ناڕەزایەتییەیان نزیکەی ٧ هەزار کەس ڕاگەیاندووە.
مامۆستایان بە وتنەوەی دروشمی وەکوو "مامۆستا هاوار بکە مافی خۆت داوا بکە" و "سێ ساڵ سەرگەردانی نەفرەت لەم هاوکارییە" و "پلەبەندی مافی ئێمەیە دەستڕەنجی زەحمەتەکانمانە" لە بەردەم مەجلیسی ڕێژیم ئامادە بوون.
بەپێی بەڵێنی کاربەدەستانی ڕێژیم، لەگەڵ جێبەجێکردنی یاسای یەکسانکردن، بڕیار بوو مووچەی مامۆستایانی خانەنشینکراو بە ڕێژەی ٩٠٪ی مووچەی فەرمانبەرانی یەکسان لە گروپەکانیان زیاد بکرێت، بەڵام نەکراوە، بۆیە دوای جێبەجێنەکردنی ئەو بەڵێنانە مامۆستایان داوای دانەوەی مووچەکانیان کرد کە لە ساڵی ١٤٠٠وە پێیان نەدراوە.
ئەم ناڕەزایەتییە یەکەمین کۆبوونەوەی مامۆستایانی خانەنشینکراو لەمساڵدا نەبووە، هەر لە مانگی خەزەڵوەردا چەندین جاری دیکە مامۆستایانی خانەنشینکرا کۆ بوونەتەوە.
هەر لەم پێوەندییەدا لە ڕۆژی ٢٩ی خەزەڵوەریشدا ژمارەیکی بەرچاو لە کەمئەندامان بە کۆبوونەوە لە بەردەم ڕێکخراوی بەرنامە و بوودجە داوای جێبەجێکردنی بڕگەی ٢٧ی یاسای کەمئەندامان و بەدواداچوون بۆ داواکارییەکانیان کرد.
بەپێێ ئەم بڕگە یاساییە، دەوڵەت ئەرکدارە بەوەی کە پارەی بژیوی ژیانی ئەو کەمئەندامانەی کە ڕێژەی کەمئەندامبوونیان زۆرە و کاریان نییە بە ڕێژەی لانیکەم مووچەی ساڵانە دیاری بکات.
سەرەڕای بەڵێنە بەردەوامەکان لەلایەن کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامییەوە، بارودۆخی ژیانی خانەنشینکراوان لە ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت.