یاریدەدەری کۆمەڵایەتیی سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران باس لەوە دەکات کە خواستی کۆچکردن بۆ خوار تەمەن ١٨ ساڵ دابەزیوە و بۆ نەوەی نوێ کۆچکردن وەک ڕێگایەکی هەڵهاتنە.
ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خەزەڵوەر، عەلی ڕەبیعی لە سێمینارێکدا سەبارەت بە کاریگەرییەکانی کۆچبەری لەسەر کاروبارەکان ڕایگەیاند کە کۆچبەری لە دەیەی ڕابردوودا بۆ ئێران بووەتە پرسێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری.
هەروەها مەحموود نەجەفی عەرەب، سەرۆکی ژووری بازرگانیی تاران لەم سێمینارەدا ڕایگەیاند کە بەهۆی چڕبوونەوەی کۆچکردنی چالاکانی ئابووری، لانیکەم ٢٠٠ میلیارد دۆلار سەرمایە لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا لە ئێران چووەتە دەرەوە.
ئاماری بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئێرانیش لووتکەی هەڵهاتنی سەرمایە لەو وڵاتە نیشان دەدات؛ بە جۆرێک کە دوایین ئاماری ئەم دامەزراوە داراییە ئاماژە بەوە دەکات کە لە ٩ مانگی ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٢١ میلیارد دۆلار سەرمایە لە وڵات چووەتە دەرەوە و لە ساڵی ١٣٩١ـەوە بە گشتی ١٣٧ میلیارد دۆلار هەڵهاتنی سەرمایە لەم وڵاتە ڕووی داوە.
نەجەفی عەرەب لە درێژەدا بە ئاماژەدان بە ڕاپۆرتی ناوەندی ستراتێژیکی سەرۆکایەتی وتی: '' لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا بە تێکڕا ٢٧ هەزار کەسی ئێرانی لە وڵاتانی دیکە نیشتەجێ بوون، لە ساڵی ١٤٠١دا نزیکەی ٦٥ هەزار کەس لە ئێرانەوە کۆچیان کردووە، و لە سەدا ٦٠ی خەڵکی ئێران مەیلی ئەوەیان هەیە ئێران بەجێ بهێڵن.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا سەدان ڕاپۆرت لەسەر کۆچی بەرفراوانی پزیشکان، پەرستاران، شیرکەتەکانی دەرمانسازی، پسپۆڕان، خوێندکاران و وەرزشوانان بڵاو کراونەتەوە، هۆکارگەلی وەک سەرکوتکارییە بەربڵاوەکانی ڕێژیم، بێهیوایی لە باشترکردنی بژێوی ژیان و ئاوەدانی و پێشکەوتن هاوکات لەگەڵ درێژەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئەم دیاردەیەیان پەرە پێ داوە.