کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و حیزبدۆست لە مەهاباد

11:40 - 1 سەرماوەز 2724

ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خەزەڵوەر، کاک قادر ئیبراهیمپوور ناسراو بە قادر هەمەدان، کوڕی ڕەحمان کۆچی دوایی کرد.

ناوبراو لەدایک بووی ساڵی ١٣٣٣ی هەتاوی لە ئاوایی گردی یاقوب سەر بە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد بوو.

کاک قادر کەسایەتییەکی خۆشناو و نیشتمانپەروەر و حیزبی بوو کە لەگەڵ دەسپێکی شۆڕشی گەلانی ئێران تێکەڵاو بە کار و ئەرکی تەشکیلاتی حیزبی دەبێت و تا کۆتایی ژیانی وەکوو کەسێکی حیزبی درێژە بە کار و چالاکییەکانی دەدات.

لەساڵی ١٣٧٢ی هەتاویدا لەلایەن دەزگا داپڵوسێنەرەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر دەکرێت و بۆ ماوەی نزێک بە دوو ساڵ زیندانی دەکرێت و بە خۆڕاگری و ئیرادەوە نهێنیەکانی حیزبی دەپارێزێت و هەر بەهۆی زەخت و گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە ناچار دەبێت شوێنی ژیانی بگوازێتەوە بۆ گوندی وسووکەند.

تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکە لە گۆڕستانی گردی یاقوب بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.