کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆرای حوکام لە بەرەبەری پەسەندکردنی بڕیارنامەیەکی دیکە بە دژی ئێران

11:48 - 1 سەرماوەز 2724

هاوکات لەگەڵ دەسپێکی دانیشتنی شۆرای حوکامی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی کە لە بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ خەزەڵوەرەوە لە ڤییەنی پێتەختی ئوتریش بەڕێوە دەچێت، میدیا ڕۆژاواییەکان باسیان لە پشتیوانیی ئەمریکا لە پێشنووسی بڕیارنامەی سێ وڵاتی ئورووپایی کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرانسە، لەم پێشنووسەدا سێ وڵاتی بریتانیا، ئاڵمان و فەڕانسە وێڕای دەربڕینی نیگەرانییەکانیان لە بەردەوامبوونی پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی بەڵێنەکان بۆ ڕێگەدان بە چاوەدێریکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران جەختیان کردووەتەوە و داوایان لە تاران کردووە تاکوو بە زووترین کات سەبارەت بە دۆزینەوەی تەنۆڵکەکانی ئورانیۆم لە دوو بنکەی ڕانەگەیەندراوی "توورقووزئاباد" و "وەرامین"، لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، هاوکاری بکات.

هەروەها پێشنووسەکە داوا لە کۆماری ئیسلامی دەکات تاکوو لەگەڵ چاوەدێرانی ئاژانس هاوکاری بکات و ڕێگەیان پێ بدات تا دەستیان بە بنکە ناوکی و هەروەها بەڵگەنامە پێویستەکان بگات.

لەلایەکی دیکەوە کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە پەسەندکردنی بڕیارنامەیەکی دیکە بە دژی ئێران هۆشداریی داوە.

لەم پێوەندییەدا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە وتووێژێکی تلفۆنی لەگەڵ هاوتا فەرانسەییەکەیدا هۆشداریی داوە، پەسەندکردنی بڕیارنامەیەکی دیکە بە دژی ئێران لە شۆرای حوکامی ئاژانسدا، دەبێتە هۆی ئاڵۆزتربوونی بارودۆخەکە.

لە بەرەبەری پەسەندکردنی بڕیارنامەیەکی دیکە بە دژی بەرنامە ئەتۆمییەکانی تاران، ڕافائێل گرووسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی داوای لە سێ وڵاتی ئورووپایی کردووە تا خۆیان لە گرژترکردنەوەی دۆخەکە ببوێرن.

کۆماری ئیسلامی سەردانەکەی ڕۆژانی ڕابردووی "گرووسی"ی بۆ تارانی، ئەرێنی و بەبایەخ لە قەڵەم دابوو، هەرچەند کە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی پاش ئەم سەردانەی گرووسی ڕایگەیاندووە "ئیران لە ئێستادا ئورانیۆمی پێویستی بۆ دروستکردنی لانیکەم چەند بۆمبی ئەتۆمی هەیە" و بەرنامە ناوکییەکانی تارانی بە دوور لە بەرنامەیەکی ئاشتیخوازانە زانیوە.

جێی ئاماژەیە کە شۆرای حوکامی ئاژانسی وزەی ناوکی، ڕێکەوتی ١٦ی جۆزەردانی ئەمساڵ بڕیارنامەیەکی دیکەی بە پێشنیاری سێ وڵاتی فەرانسە، ئاڵمان و بریتانیا و بە پشتیوانیی ئەمریکا بە دژی بەرنامە ئەتۆمییەکانی تاران پەسەند کردبوو.