کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاک مستەفا هیجری: خەڵکی ئێران پێویستە خۆیان بەهێز بکەن و بە هیوای هیچ لایەنێکی دەرەکی نەبن کە ڕزگاریان بکات

21:09 - 1 سەرماوەز 2724

ڕۆژنامەی کوردستان لە ژمارەی ٨٨٣ی ڕۆژی ٣٠ی خەزەڵوەری ئەمساڵی خۆیدا، دیمانەیەکی لەگەڵ بەڕێز کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێک هێناوە.

لە نوێترین ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستاندا، کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب، وڵامی کۆمەڵێک پرسیاری پێوەندیدار بە دۆخی ئێستای ئێران، دەوڵەتی وێفاقی میللی، هاتنەسەرکاری ترامپ و هەروەها ئەرکی ئۆپۆزسیۆنی کۆماریی ئیسلامیی داوەتەوە.

کاک مستەفا لەم دیمانەیەدا دۆخی ئێستای ئێرانی لە بواری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە بە شتێکی چاوەڕوانکراو ناو برد و پەرژایە سەر ڕەهەندەکانی هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کە قووڵایی داماویی ڕێژیمی زیاتر دەرخست. بەڕێز هیجری لە قسەکانیدا باسی لە هەڵوێستی جیاوازی ئـەمـجـارەی وڵاتـانــی عــەرەبــی و ئیسلامیی ناوچەکە وەک جۆرێک لە خەمساردی بەرانبەر بە حەماس و حیزبوڵڵا کرد کە دەکرێ بە نیشانەی لاوازیی پێگەی ئەم ڕێژیمە لە ناوچەکەدا سەیر بکرێ.

کاک مستەفا سەبارەت بە هەڕەشەکانی ڕێژیم بۆ هێرشی دووبارە بۆ سەر ئیسرائیل ڕایگەیاند: بێتوو کـۆمـاری ئیسلامی هێرشێکی ڕاستەوخۆی دیکە ئەویش لە خاکی ئێران ڕا بکاتەوە سەر ئیسڕائیل، مـەجـالـێـکـی بـاشـتـر دەڕەخـــســـێ بــۆ ئــــەوە ئـــەم وڵاتــە هێرشێکی دیکە بکاتە سەر کۆماری ئیسلامی کە ئاستی وێرانکارییەکەی زۆر زیاتر بێ لە هێرشەکەی پێشوو، و شوێنە هەستیارەکان ئەو جارە بکاتە ئامانج، چونکە بەدوای هەڵبژاردنی ترامپ دەستی ئیسرائیل بۆ هێرشێکی ئەوتۆ ئاوەڵاترە.

بەرپرسی ناوەندیی بەڕێوەبەریی حیزب باسی لەوە کرد کە لەو دۆخە سیاسی ئەمنییەتییەی ئێستادا کە شەڕەکە بەگشتی بـە زیـانـی کــۆمــاری ئـیـسلامـی شـکـاوەتـەوە، ســـەرەڕای توندوتیژتربوونی ڕێژیم بــەدژی خەڵک و پەرەگرتنی ئێعدامەکان بۆ چاوترسێنکردنی خەڵک، ناڕەزایەتییەکان دژ بە دەسەڵات هەروا بەردەوامە و خەڵک وازی لە ماف و داخوازییەکانی خۆی نەهێناوە.

کاک مستەفا سەبارەت بە کارنامەی زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژ کاری پزشکییاندا وتی: لەمێژساڵە بەو قەناعەتە گەیشتووم لە ئێراندا سیستەمێکی ڕەقی نەگۆڕ و چەقبەستوو دینامیزمی جووڵە و کردارە لە بەڕێوەبردنی سیاسەتی نێوخۆ و دەرەوەی وڵات، ئەویش ڕێبەری گشتییە، سەرۆککۆماریش وەکوو باقی بەشەکان لە چوارچێوەی ئەو سیاسەت و بڕیارانە کە لە بەیتی ڕێبەری دەدرێن ئەرک بەڕێوەبەرن، لە ئێستادا ئـەم شـارەزایـی و هەڵسەنگاندنە لە ڕادەی دەســەڵاتــی سـەرۆک کـۆمـارەکـانـی کـۆمـاری ئیسلامی، بۆ وڵاتانی ئەمریکا و ئورووپا و بگرە هەموو وڵاتانی ناوچەکەش هەروایە.

بەڕێز هیجری سەبارەت بە دەوڵەتی وێفاقی میللی وێرای ئەوەی کە ئەمەی بە ناوێکی بێنێوەرۆک زانی، وتی لە یاسای بنچینەییدا دەوڵەت لەسەر شەریعەتی ئیسلامی وێلایەتی فەقیه، تەنیا یەک زمـان بە فەرمی ناسراوە، ئەو وێفاق و تەباییەش کە پزیشکیان باسی لێوە دەکات، ئەوەندەی نیشانی داوە هیچ پێوەندییەکی بە کۆمەڵگە و خەڵکەوە نییە. ئەو باسی تەبایی نێوان جەناح و لایەنەکانی بەشدار لە ڕێژیمدا دەکات کە هیچ پێوەندییەکی بە خەڵکەوە نییە.

ناوبراو سەبارەت بە گەڕانەوەی ترامپ بۆ کۆشکی سپی، باسی لەوە کرد کە بە سەرنجدان بە شێوەی هەڵسوکەوتی ترامپ لـەگـەڵ ڕێژیم لـە دەورەی پـێـشـوودا، چاوەڕوان دەکرێ کـۆمـاری ئیسلامی بخاتە ژێر زەختێکی فرە ڕەهەند بە مەبەستی ئەوەی مەرجەکانی خۆی بەسەریدا بسەپێنێ، ئەمە دەتوانێ لە ڕاستای بێهێزترکردنی کۆماری ئیسلامیدا بچێتە پێش و بواری زیاتر بۆ پەرەگرتنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە نێوخۆی وڵات و کار و چالاکی زیاتری ئازادیخوازان بڕەخسێنێ. بــەڵام خەڵکی ئێران دەبێ بۆخۆیان بە یەکگرتوویی و خۆڕاگری و پشتبەستن بە هێزی خۆیان، خۆیان بەهێز بکەن و لە خەبات نەوەستن و بەهیوای هیچ لایەنێکی دەرەکی نەبن کە ئەوان ڕزگار بکەن

بەڕیز هیجری لە کۆتاییدا وتی: کە باسی ئۆپۆزیسیۆن دەکەین مەبەست ئۆپۆزیسیۆنی نێوخۆیە کە دەبێ خۆی سازمان بدا. بۆ ئەم کارە پێش هەموو شتێک پێویستە خەڵک لە نێوخۆی وڵات بە هەموو پێکهاتەکانەوە زیاتر حیساب لە سەر هێز و پۆتانسێلەکانی خۆی بکات. لایەنە سیاسییەکانیش پێویستە بۆ مەسەلەی ئالترناتیڤ سازی ڕوانگە و وەزەمـان زیاتر ڕووی لە نێوخۆی وڵات بێ. ڕاستە ئەم کارە ئاسان نییە بەڵام پێویستە کاری لەسەر بکرێ.