شۆرای ئاسایشی نێونەتەوەیی و تورکیە هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتیوانیی نێونەتەوەییان مەحکووم کرد.
شۆرای ئاسایشی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی خوازیاری ئازادکردنی خزمەتگوزارانی کەشتیی ''گالێکسی لیدێر''ن کە لەلایەن حوسییەکانەوە دەسبەسەر کراون.
ئەندامانی شۆرای ئاسایشی نێوەنەتەوەیی، لە ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی خەزەڵوەر، لە بەیانییەیەکدا ڕایانگەیاندووە: ئێمە خوازیارین حوسییەکان کە بە زووترین کات کەشتیی گالێکسی لیدێر و ٢٥ کەسی خزمەتگوزاری ئەو کەشتییە کە لە ڕێکەوتی ١٩ی نۆڤامبری ٢٠٢٣دا تاکوو ئێستا بە شێوەی نایاسایی دەستیان بەسەردا گیراوە، ئازاد بکەن.
ئەو بەیانییە کە لەلایەن ''باربارا ڤۆدوارد'' سەرۆکی شۆرای ئاسایش و نوێنەری بریتانیا، بڵاو کراوەتەوە هاتووە، هێرشی یەک لە دوای یەکی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن، بە توندی مەحکووم دەکەین و لەسەر گرنگیی دەستەبەرکردنی ماف و ئازادیی دەریایی کەشتییە بازرگانییەکان بۆ تێپەڕین لە ناوچەکە بەپێی مافی نێونەتەوەیی، جەختیان کردووەتەوە.
هاوکات تورکیە هێرشی مووشەکیی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییە نێونەتەوەییەکانیان مەحکووم کردووە و ڕایگەیاندووە، هەوڵی پێویست دەدەین بۆ ڕێگریکردن لە وەها ڕووداوێک و ناهێڵین چیتر ڕووداوی وا دووبارە بێتەوە.
لە بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیەدا هاتووە، هێرشی مووشەکیی حوسییەکان بۆ سەر کەشتیی باریی ''ئانادۆلۆ ئێس'' کە ئاڵای پانامای لەسەر بووە و سەر بە کۆمپانیایەکی تورکیەیە و لە کەناراوەکانی یەمەندا هاتوچۆی کردووە، مەحکووم دەکەین.
حوسییەکانی یەمەن لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویان کردووەتەوە لە عەمەڵیاتێکی ورددا، کەشتیی ئانادۆلۆ ئێسیان لە دەریای سوور بە مووشەکی بالستیک، کردووەتە ئامانج.
حوسییەکانی یەمەن هەڕەشە و هێرشی خۆیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییە نێونەتەوەییەکانیان گەڕاندووەتەوە بۆ پشتیوانی لە حەماس و خەڵکی غەززە لە بەرامبەر هێرشی ئیسرائیلدا.
گرووپی حوسییەکانی یەمەن کە یەکێکە لە دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم لە ناوچەکە، لە ڕێکەوتی ١٩ی نۆڤامبری ٢٠١٣، دەستیان بە سەر کەشتیی ژاپۆنی ''گالێکسی لیدێر'' لە دەریای سووردا گرت و لەگەڵ ٢٥ خزمەتگوازی ئەو کەشتییەیان بۆ بەندەرۆلحەدیدە لە ڕۆژاوای یەمەن ڕاگواستووە.