کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگەرانیی کۆمیتەی سێهەمی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکیەتیی ئورووپا لە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران

21:13 - 1 سەرماوەز 2724

کۆمیتەی سێهەمی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بڕیارنامەیەکدا پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێرانی مەحکووم کرد و یەکیەتیی ئورووپاش سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران نیگەرانیی خۆی دەربڕی.

ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خەزەڵوەر، کۆمیتەی سێهەمی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە پێشنیاری کانادا بڕیارنامەیەکی ڕادەستی ئەم کۆڕە کرابوو و تێیدا ئاماژە بە پرسگەلێکی وەک: زۆربوونەوەی لەسێدارەدانەکان، دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانەکان، سەرکوتی ناڕازییان و پێشێلکردنی مافی ژنان" کراوەی پەسەند کردووە و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێرانی مەحکووم کرد.

ئەم بڕیارنامەیە بە ٧٧ دەنگی ئەرێنی، ٢٧ دەنگی نەرێنی و ٦٦ دەنگی بێلایەن لەلایەن کۆمیتەی سێهەمی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کرا.

یەکیەتیی ئورووپا ڕۆژی چوارشەممە ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە کۆماری ئیسلامیدا ڕادەستی ٧٧ـەمین کۆبوونەوەی ئەم کۆمیتەیە کرد و لەم بوارەدا نیگەرانیی خۆی دەربڕی.

یەکیەتیی ئورووپا دۆخی ژنان، ئازادیی ڕادەربڕین و ئەمنییەتی ڕۆژنامەوانان، دۆخی پارێزەرانی مافی مرۆڤ و بنەماڵەکانیانی لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا نالەبار ناو برد و لەسێدارەدانە بەربڵاوەکانی لە ئێراندا مەحکووم کرد.

لەم ڕاپۆرتەدا بە ئاماژە بە دۆخی ڕوو لە خراپیی ژنان و کچان لە ئێراندا هاتووە کە زۆرکردنەوەی سەرکوتی دژبەران، هەڵاواردنی ئامانجدار، سەپاندنی یاسا و سیاسەتی سنووردار بۆ سەر ژنان و وڵامدەرنەبوونی بەرپرسانی ڕێژیم بۆ پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، نیگەرانیی زۆری بەدواوە بووە.

یەکیەتیی ئورووپا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی سەبارەت بە زۆربوونەوەی سزای لەسێدارەدان لە ئێران و بەتایبەت بۆ هاووڵاتییانی ئورووپایی هۆشداری داوە و وێڕای جەختکردنەوە لەسەر دژایەتیی ئاشکرا لەگەڵ سزای لەسێدارەدان، داوای لە کۆماری ئیسلامی کرد کە هەموو لەسێدارەدانەکان لەوانە لەسێدارەدانی ناڕازییان، دژبەرانی سیاسی، مێرمنداڵان و تاوانبارانی پێوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر بوەستێنێ و بۆ هەڵوەشانەوەی سزای لەسێدارەدان هەنگاو بنێ.