لە درێژەی ئامادەکردنی بیرورای گشتیی بۆ گرانکردنی بەنزین، ئەمجارە عەلی مەحموودییان بەڕیوەبەری سەندیکای سووتەمەنییە جیگرەوەکان ڕایگەیاندووە کە رۆژانە ١٠ میلیۆن لیتر بەنزین لە ئیرانەوە قاچاخ دەکرێت.
مەحموودییان ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خەزەڵوەر لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە ئاماژەدان بە کەلینی ٢٥ میلیۆن لیتریی بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی بەنزین لە ئێراندا ڕایگەیاندووە، لە ئێستادا ڕۆژانە ١١٠ میلیۆن لیتر بەنزین لە ئیران بەرهەم دێت و لە بەرامبەردا ١٣٥ میلیۆن لیتر ڕۆژانە بەنزین بەکار دەهێندرێت.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا و بەمەبەستی ئامادەکردنی رای گشتیی بۆ گرانکردنی بەنزین ڕایگەیاندووە کە ١٠ میلیۆن لیتر بەنزین و ٨ میلیۆن لیتر گازۆئیل لە ئێرانەوە بۆ دەرەوە قاچاخ دەکرێت.
ئەم ئیدعایە لەکاتێکدایە کە لە مانگەکانی ڕابردوودا بەرپرسانی ڕێژیم ئامارگەلیکی جیاوز و ناتەبا لەگەڵ یەکتریان سەبارەت بە قاچاخ، بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی بەنزینیان لە ئێران ڕاگەیاندووە.
بابەتی قاچاخی بەنزین هەمووکات باشترین بیانووی کۆماری ئیسلامی بۆ گرانکردنی سووتەمەنییەکان بەتایبەتی بەنزین لە ساڵانی ڕابردوودا بووە.
فاتمە موهاجرانی وتەبێژی دەوڵەت ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خەزەڵوەر ڕایگەیاند کە بەرنامەی دەوڵەت ئامادەکردنی ڕای گشتیی لەپێوەندیی لەگەڵ بڕیارەکان بۆ نرخی وزە و سووتەمەنییەکانە و پشتڕاستیشی کردەوە کە وتووێژە کارناسییەکان بۆ نرخی وزە و سووتەمەنییەکان لە دەوڵەت، بەردەوامە.
هەوڵەکان بۆ گرانکردنی بەنزین و ئامادەکارییەکان لەکاتێکدایە کە سەرەتاکانی خەزەڵوەر نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم و نزیک لە مەسعوود پزشکییانەوە ڕایانگەیاندبوو کە لە ئیستادا دەوڵەت نایهەوێت نرخی بەنزین گران بکات، بەڵام لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا و هاوکات لەگەڵ شەپۆلی نوێی گرانییەکان، بەرپرسانی ڕێژیم یەک لە دوای یەک خەریکی ئامادەکردنی ڕای گشتیین تاکوو هاوشێوەی جارێ پێشوو کە بەنزین گران کرا، ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان لەلایەن خەڵکەوە روو نەدات.