لەگەڵ بەردەوامیی بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی لە قاچاخی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق بە داشکاندنی بەرچاو، بڵاوکراوەی "ئارگوس" بڵاوی کردەوە کە حکوومەتی عێراق هاتۆتە ناو مەیدانەوە کە پێش بەم دیاردە بگرێت.
لەم بڵاوکراوەدا، نامەی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ کۆماری ئیسلامی لە ڕێکەوتی ٢٢ی خەزەڵوەری وەک بەڵگە هێناوەتەوە، کە تیایدا داوای لە ئێران کردووە هاتوچۆی بارهەڵگرەکانی گواستنەوەی نەوتی خاو، نەوتی کوورە و بەرهەمە نەوتییەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران بوەستێنێت، مەگەر ئەم بارانە مۆڵەتی شیرکەتی نەوتی نیشتمانیی عێراقی بۆ هەناردەکردن هەبێت.
پێشتریش هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا بڵاوی کردبووەوە کە ڕۆژانە ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان بە داشکاندنی ٣٠ هەتا ٤٠ دۆلار بە بەتایبەتی لە ڕێگەی تانکەرەوە بۆ ئێران قاچاخ دەکرێت.
هەروەها لە ڕێوشوێنەکانی حکوومەتی عێراق هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆرییەوە بۆ تورکیە لە ساڵی ڕابردوو ڕاگرت.
هەروەها حکوومەتی عێراق داوای لە هەرێمی کوردستان کردووە بەرهەمهێنانی نەوت کەم بکاتەوە بۆ ئەوەی وڵاتەکەی بتوانێت پابەند بە بەڵێنەکانی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن ئۆپێک و وڵاتانی هاوپەیمان بە سەرۆکایەتی ڕووسیە بێت.