ژمارەیەک لە بنەماڵە مافخوازەکان، چالاکانی مەدەنی، سیاسی و ڕۆژنامەوانان لە پێوەندی لەگەڵ شەپۆلی بەربڵاوی لەسێدارەدانەکان لە ئێراندا کاردانەوەیان نیشان دا و لە بەیاننامەیەکدا خوازیاری وەستاندنی دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لەلایەن ڕێژیمەوە بوون.
لەم بەیاننامەیەدا بە ئاماژە بە جێبەجێکرانی ڕوو لە زیادبوونی سزای سێدارە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا هاتووە کە لە کاتی هاتنەسەرکاری مەسعوود پزشکییانەوە زیاتر لە ٢٠٠ کەس لە سێدارە دراون و ڕۆژێک نییە کە لانیکەم ٥ سزای سێدارە لە ئێراندا جێبەجێ نەکرێت.
واژۆکەرانی ئەم بەیاننامەیە وێڕای ئاماژە بە دەرکرانی سزای سێدارە دژی پەخشان عەزیزی و وریشە مواردی داوایان لە ڕێکخراوە مافی مرۆییەکانی نێوخۆ و دەرەوە وەک لێبوردنی نێونەتەوەیی، چاوەدێری مافی مرۆڤ و شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بە بەداوداچوونی بەردەوامی دۆخی بەندکراوان لە ئێراندا، گوشارەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی ڕاگرتنی سزای سێدارە زۆرتر بکەنەوە.
لەم بەیاننامەیەدا داوا لە خەڵکی نێوخۆ و دەرەوەی ئێران کراوە کە بە بەشداری لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان و گەیاندنی دەنگی خۆیان بە جیهان، نیشانی بدەن کە خوازیاری کۆتایی پێهێنان بە سێدارەدان و ڕەچاوکردنی مافی مرۆڤ لە ئێرانن.
واژۆکەرانی ئەم بەیاننامەیە داوایان لە میدیاکان و ڕۆژنامەوانان لە نێوخۆ و دەرەوە کردووە کە ڕای گشتی بۆ بەمیدیاییکردنی دۆخی لەسێدارەدان و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران وشیار بکاتەوە.
لەم بەیاننامەیەدا داوا لە دەوڵەتە جیاوازەکان و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان کراوە کە بە کەڵکوەرگرتن لە هەموو ئامرازە دیپلۆماتیک و یاساییەکان، ڕێژیمی ئێران بخەنە ژێر گوشار و پێش بە قەتڵە حکوومەتییەکان لەلایەن ئەم ڕێژیمە بگرن.
تاکوو ئێستا زیاتر لە دوو هەزار و ٣٠٠ کەس لە ئەندامانی بنەماڵە مافخوازەکان، چالاکانی سیاسی و مەدەنی و ڕۆژنامەوانان ئەم بەیاننامەیان واژۆ کردووە.