خالید عەزیزی لە پاڕلمانی ئۆسترالیا: هەتا کۆماری ئیسلامی مابێت لە پەرەدان بە تێرۆریزمی دەوڵەتی و نانەوەی شەڕ و ناسەقامگیری بەردەوام دەبێت
بەڕێزان!
سەناتۆرە بەڕێزەکان!
ئەندامانی پاڕلمان!
نوێنەرانی ڕێکخراوە کوردییەکان!
کۆبوونەوەی ئێمە لێرە لە کاتێکدایە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەهۆی شەڕ و تێکهەڵچوونەکان چەقی ململانێ و گۆڕانکارییەکانە و، لە هەموو ئەو هاوکێشە ئەمنی و ناسەقامگیرییانەشدا کۆماری ئیسلامیی ئێران دەوری سەرەکی دەبینێت. ئەم دۆخە بەرهەم و لێکەوتەی سیاسەت و مامەڵەی کۆمەڵگەی جیهانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە لە چەند دەیەی ڕابردوودا هەموو پرسە سیاسی و ئالەنگارییەکانی ئەم ڕێژیمەیان لە پەروەندەی ئەتومی و هەوڵەکانی بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ناوکیدا قەتیس کردبوو. ئەمەش ئەم دەستئاوەڵاییەی بۆ کۆماری ئیسلامی دروست کرد کەیسە ئەتومییەکەی بکاتە کارتێکی گوشار بۆ ئەوەی لەلایەک خەڵکی ئێران و تەنانەت ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی پێ بەبارمتە وەربگرێ و، لەلایەکی دیکەش بە سەرکوتی توندوتیژی ناڕەزایەتییەکان لە نێوخۆی وڵات و پەرەپێدانی تێرۆریزمی دەوڵەتی، دەستێوەردانی دەرەکی و نانەوەی شەڕ و قەیرانخوڵقێنی لە دەرەوەی سنوورەکانی وڵات ناسەقامگیری لە هەموو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا پەرە پێبدات.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەموو ماوەی دەسەڵاتدارەتییدا دژی ڕەوتی ئاشتیی و بەها و بایەخە جیهانی و نێودەوڵەتیەکان جووڵاوەتەوە. لە نێوخۆی وڵاتدا هەرچەشنە دەنگێکی مافخوازی و ناڕەزایەتییەکی مەدەنیی بەتوندی سەرکوت کردوە و بە گرتن و ئەشکەنجەدان و ئێعدام کەشێکی تەواو پۆلیسی و پڕ ترس و ئەمنیەتیی بەسەر کۆمەڵگەدا زاڵ کردوە. لە دەرەوەی وڵاتیش دەیان چالاکی سیاسیی دژبەری خۆی تێرۆر کرد کە پێوەندیدار بە کورد دەتوانین ئاماژە بە تێرۆری د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ساڵی ١٩٨٩ لە ڤییەن، پێتەختی ئۆتریش و هەروەها تێرۆری د. سادق شەرەفکەندی، سکرتێری دواتری حیزبی دێموکرات لە ساڵی ١٩٩٢ لە بێرلین، پێتەختی ئاڵمان بکەین. بێگومان سیاسەتی هەڵکردن و موماشاتی وڵاتان و کۆمەڵگەی جیهانی فاکتەرێکی سەرەکی بوو بۆ ئەوەی تیمە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بتوانن لە هەر جێیەکی بیانەوێ دەست لە نەیارەکانیان بوەشێنن و لە کردەوە تێرۆریستییەکانیان بەردەوام بن. وەک چۆن ئێمە پێمانوایە ئەگەر وڵاتی ئۆتریش لە پەروەندەی تێرۆری د. قاسملوودا شێلگیری و بەرپرسایەتیی سیاسی و یاسایی خۆی بەجێ هێنابا و لەبری ناردنەوەی تێرۆریستەکان بۆ تاران، ئەوانی لە دادگایەکی یاساییدا بە ئاکامی کردەوە تێرۆریستییەکانیان گەیاندبا؛ لەوانەبوو بەدوای ئەودا تێرۆری میکونووس ڕووی نەدابا. هەروەها ئەگەر وڵاتان و کۆمەڵگەی جیهانی بەوەخت و لە کاتی خۆیدا لەبری سازان و نەرمینواندن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لەهەمبەر سیاسەتی دەستدریژکارانە و قەیرانخوڵێنیی ڕێژیم لە وڵاتانی ناوچە و پاڵپشتیی لە تێرۆریزمی دەوڵەتی هەڵوێست و کاردانەوەی گونجاو و وەڵامدەریان هەبا و لێپرسینەوەیان لێکردبا، ئێستا ڕێژیم نەیدەتوانی بەمشێوەیە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئاگری شەڕ و ململانیی خوێناوی و ناسەقامگیریی سیاسیی بەربدات.
بەشدارانی بەڕێز!
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نێوخۆی وڵات بە درێژایی تەمەنی خۆی بەرەوڕووی بزووتنەوەی مافخوازیی نەتەوەکان و ناڕەزایەتیی بەردەوامی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە بووەتەوە. ئەم ناڕەزایەتییانە لە بزووتنەوەی ژینا-مەهسا (ژن، ژیان، ئازادی)دا وێنایەکی تەواو ڕوون و ئاشکرای لە کەلێنی قووڵ و بەربڵاوی کۆمەڵانی خەڵک و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا پێشان دایەوە. بەڵام هەروەک بینیمان ڕێژیم بە کوشتنی سەدان و بریندارکردنی هەزاران کەس لەسەر شەقامەکان، گرتن و زیندانیکردنی دەیان هەزار کەس و ئێعدامی زۆر و بەربڵاوی بەندییە سیاسی و زیندانییەکانی دیکە بەگژ ئەم بزووتنەوە مافخوازانەیەدا هاتەوە.
لە بزووتنەوە جەماوەرییەکەی پاییز و زستانی ٢٠٢٢دا کوردستان پێشەنگ و ئاڵاهەڵگری جووڵانەوەکە بوو. لەڕاستیدا کوردستان ٤٦ ساڵی بەردوامە مەیدانی شەڕێکی هەمەلایەنەیە کە کۆماری ئیسلامی بەسەر خەڵکی کوردستان و بزووتنەوەی سیاسیی کورددا سەپاندوویەتی. بزووتنەوەی سیاسیی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سەرەتاوە هەتا ئێستا خەبات و تێکۆشانەکەی بۆ دێموکراتیزەکردنی ئێران و وەدیهێنانی مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانی کورد لەو وڵاتەدا بووە. حیزبی دێموکرات ئەندامی ڕێکخراوی ئینترناسیۆنال سۆسیالیستە و پێوەندیی سیاسیی زۆرباشی لەگەڵ وڵاتانی دێموکراتیک و حیزب و لایەنە سیاسییەکانیان هەیە. حیزبی ئێمە باوەڕی قووڵی بە بەها و بایەخە جیهانییەکان و پڕەنسیپەکانی مافی مرۆڤ هەیە و بەکردەوەش لە پێناو جێگیرکردنی ئەو بایەخانەدا خەبات دەکات. د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران باوەڕێکی قووڵ و پتەوی بە چارەسەری پرسە سیاسییەکان بە ئاشتی و دیالۆگ هەبوو، و ئەو باوەڕەشی لە حیزبی دێموکراتدا نەهادینە کردوە. د. قاسملوو لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی ١٩٧٩ و بە دەسەڵاتگەیشتنی کۆماری ئیسلامیدا وەک وتەبێژی هەیئەتی نوێنەرایەتیی گەلی کورد هەوڵی زۆر و بێوچانی دا بۆ ئەوەی پێش بە شەڕخوازییەکانی کۆماری ئیسلامی بگرێ و پرسی کورد بە ڕێگای ئاشتین، دیالۆگ و لێکتێگەیشتنەوە چارەسەر ببێت. دواجاریش ئەم ڕێبەرە بلیمەتەی کورد هەر لەسەر مێزی وتووێژ بۆ چارەسەری پرسی کورد لەلایەن بەناو دیپلۆمات، بەڵام لەڕاستیدا تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تێرۆر کرا.
ئامادەبووانی ڕێزدار!
ئێران وڵاتێکی فرە نەتەوەیە و جۆراوجۆریی ئیتنیکی و ئایینیی تێدایە. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران باوەڕی وایە چارەسەری پرسی کورد و نەتەوەکانی دیکە لە ئێران و هەروەها نەهێشتنی هەڵاواردن و قەیرانەکانی ئەم وڵاتە دێموکراسییە و ئەو دێموکراسییەش کاتێک سەقامگیر دەبێ کە نیزامی سیاسیی داهاتووی ئێران لەسەر بنەمای هاوبەشی و بەشداریی نەتەوەکان و هەموو جۆراوجۆرییەکانی ئەم وڵاتە بنیات نرابێ. هەروەها یاسای بنەڕەتیی وڵات وێڕای داننان بە ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی ئێران و فرەچەشنییەکانی، دەستەبەری ماف و ئازادییەکانی هەموو پێکهاتەکانی ئەم وڵاتە بکات و ڕەنگدانەوەی دێموکراسیی تەوافوقی لەسەر بنچینەی بنەما دێموکراتیکەکان بۆ هاوبەشیی سیاسیی هەموو جۆراوجۆرییەکانی ئێران بێت.
خەڵکی ئێران دەیان ساڵە بۆ گەیشتن بە ماف و ئازادییەکانیان، بۆ بەدیهێنانی دێموکراسی لە وڵات، بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی و بۆ بنیاتنانەوەی ئێرانی نوێ لەسەر بنەمای مافی وەکیەک خەبات دەکەن. لەو خەباتە گشتییەدا گەلی کورد بە بەردەوامی و بە شێلگیرییەوە، سەرەڕای تێچووی زۆر و قورسی خەبات بۆ ئازادی و دێموکراسی لە سەرشەقام و لە بەستێنە سیاسی و مەدەنییەکانی دیکەدا تێدەکۆشێت. حیزبی ئێمە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ لایەنەکانی دیکە لەپێناو ئەو دێموکراسییە تێدەکۆشێ و هەوڵ دەدات ئاڵترناتیوێکی دێموکرات بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران دروست ببێت، بەدیلێک کە هەم لە ئاستی نێوخۆدا پێبەندی دابینکردنی ژیان و مافە دێموکراتیکەکانی خەڵک بێت و، هەم لە ئاستی نێودەوڵەتیدا نیزامێکی سیاسیی دەروەست و بەرپرسیار بێت.
هەر لەو چوارچێوەیەدا خەڵکی کوردستان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەموو گەلانی ئێران چاوەڕوانیی ئەوەیان لە ئۆسترالیا وەک وڵاتێکی دێموکراتیک و هەموو کۆمەڵگەی جیهانی هەیە پتر پشتیوانی لە خەبات و بزووتنەوە مافخوازانەکەیان بکەن. گەلانی ئێران هیوادارن و ئەو چاوەڕوانییە بەحەقەیان لە لە ئۆسترالیا و بەرەی دێموکراتیکی دنیا لە تەواوەتیی خۆیدا هەیە کە بە سەرنجدان بە ئەزموونی ٤٥ ساڵ دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامی و جۆری مامەڵەی کۆمەڵگەی جیهانی لەگەڵ ئەم ڕێژیمە کە وەها دۆخێکی پڕقەیران و شەڕ و ناسەقامگیریی لێ کەوتۆتەوە، ڕوانگە و ستراتیژییەکانی دیکەیان لە هەمبەر کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەبێت. بێگومان هەتا کۆماری ئیسلامیی ئێران مابێت لە هەوڵەکانی خۆی بۆ دووجەمسەریکردنی دنیا، پەرەدان بە تێرۆریزمی دەوڵەتی و نانەوەی شەڕ و ناسەقامگیری بەردەوام دەبێت، بۆیە پێویستە دەوڵەتی ئۆسترالیا لەگەڵ وڵاتانی دیکەی بەرەی دێموکراسی لە دنیادا بە بەکارهێنانی هەموو زەرفییەتە سیاسی و دیپلۆماسییەکان هەوڵ بۆ وەستاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بدەن و پشتیوانی لە خەبات و تێکۆشانی گەلانی ئەم وڵاتە بکەن.
بەدڵنیاییەوە بەبێ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمووان دنیایەکی ئارامتر و سەقامگیرییەکی پترمان دەبێت.
دیسان سڵاو لە ئێوە و سپاس بۆ گوێگرتنتان.