"هەگبەی شاخ و شۆڕش" (شەهید باباشێخ حیسامی)
برایم چووکەڵی
خوێنی سەر دەنگت کە ئێستاش پڕ گوڵی داوودییە
زەمزەمەی ئەو سەنگەرەن من کاتی تەنگانەی دەژیم
"هەگبەی شاخ و شۆڕش" ئەمجارە یاد و ناوی شەهیدێکی پایەبەرزی حیزبی دێموکرات و نیشتمان بەرز ڕادەگرێ کە کەسایەتییەکی سیاسی، ئەدەبی و کۆمەڵایەتیی ناوچەی سەقز بوو، شەهید بابەشێخ حیسامی.
شەهید بابەشێخ حیسامى لە ساڵى ١٣٢٣ى هەتاوى لە کاتێکدا بەرە بەرە حیزبی دیموکرات چەکەرەی دەکرد و ڕیشەی بە نێو خەڵکدا دادەکوتا، لە بنەماڵەیەکى ئایینیى خانەقاى نەقشبەندییەکان چاوی بە دنیای ڕوون کردۆتەوە. تەنیا مانگێگ بوو چاوی بە دنیای پڕ لە کوێرەوەری کردبۆوە، لە سۆزى باوکایەتى بێبەری بوو و باوکى (شێخ عارف) بۆ هەمیشە ماڵاوایی لێ کردن.
باوکى شەهید بابەشیخ لەسەر داواى مامى کە شێخ حیسامەدینى باخەکۆن بوو، زێدى خۆى واتە گوڵپى سەر بە خورماڵ و شارەزوور لە باشوورى کوردستان بەجێ هێشت و لە گوندى زاناوا سەر بە ئێرانشای شارى سەقز گیرسایەوە. پاش ماوەیەک ڕوو لە گوندی خۆشێنان لە ناوچەی خوڕخورەی سەقز کرد و جگە لە کارى ئایینى وەرزێرییش بوو بە بەشیك لە ژیانی بنەماڵە بۆ دابینکردنی بژیوی بنەماڵە. عەلیخانى تەخت وەک خاڵێکى دڵسۆز یارمەتیی بابە شێخ حیسامی دا هەتا ئاستى خوێندنى باڵا بخوێنێ و بەردەوام پشتیوانی بوو. بابا شیخ حسامی هەر زوو تێکەڵ بە سیاسەت بوو. لە سەردەمى پاشایەتىدا چەند جار خرایە بەندیخانە و تەنانەت سزای دوورخراوەتەوەی بەسەردا سەپێندرا.
بابەشێخ حیسامى قوناغەکانى خوێندنى سەرەتایى و ناوەندى و دواناوەندى تەواو کرد و پاشان لە پەروەردەى مامۆستایان درێژەى بە خوێندن دا و لە شارى مەریوان وەک چاودێرى مامۆستایان لە ئاموزش و پەروەرش دامەزرا. پاش ماوەیەک ژیانی هاوبەشی پێکهێنا و بەرهەمی ئەو ژیانە ٣ منداڵ بوو.
ساڵی ١٣٤٦ لە سەروبەندی خەباتی چەکداری ڕووی کرە شاری سنە، بەڵام زۆری پێ نەچوو ساڵی ١٣٤٨ پاش سەرکوتکردنی خەباتی چەکدارانەی ساڵەکانی ٤٦ و٤٧ لەلایەن ساواکەوە بۆ گەڕووس لە شاری بیجار تەبعید کرا. پاش هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر بۆ درێژەدانی خوێندن ڕووی لە شاری تەورێز کرد و ئەدەبیاتی زمانی فارسیی لە زانکۆی ئازەرئابادگانی تەورێز تەواو کرد.
ساڵی ١٣٥٦ و ١٣٥٧ بەرپرسایەتیی زۆر کاری تەشکیلاتیی گرتەئەستۆ و کاری نەهێنیی حیزبیی بە بەردەوامی بەڕیوە برد. لە خۆپێشاندانەکانی ساڵی ١٣٥٧ دژی ڕێژیمی پاشایەتی لە ڕێکخستنی خەڵکدا ڕۆڵی سەرەکیی گیڕا و دوای سەرکەوتنی شۆڕش و ئاشکرابوونی تێکۆشانی حیزبی دیموکرات لە شاری سەقز لە یەکەم کەسەکان بوو خەڵکی لە دەوری ئالا و ڕێبازی حیزبی دیموکرات کۆ کردەوە؛ هەربۆیە وەک بەرپرسی سیاسی و نیزامیی شار دیاری کرا.
شەهید باباشێخ حسامی یەکێک لە بەشدارانی لە کۆنگەری ٤ی حیزبی دیموکراتی کوردستان بوو و دوای گەرانەوە لە کۆنگرە وەک بەرپرسی سیاسی لە شاری سەقز کاری دەکرد، ئەو لە لادانی کۆمەڵیک لە لایەنگرانی حیزبی توودە لەدوای کۆنگرە زۆر بەتوندی دژیان وەستایەوە و وەک قەڵایەکی خۆڕاگر پاڵپشتی حیزبەکەی بوو.
شەهید باباشیخ حسامی کاتی فیتوای جیهاد لەدژی کورد لەلایەن خومەینی ڕاگەیەندرا، لەگەڵ ئەوەدا کە بەرپرسێکی سیاسی بوو، بەڵام وەک پێشمەرگەیەکی فیداکار شانبەشانی هاوسەنگەرانی بە گژ داکیرکەراندا چۆوە و لە شەڕەکانی نێو شاری سەقزدا بەشدار بوو.
باباشێخ لە باری کۆمەڵایەتی لەنێو شاری سەقز کەسایەتیکی بەرز بوو. خۆشناوبوو و زمانی ئیقناعی هەبوو، بۆیە هەموو کۆبوونەوەکانی لەگەڵ خەلک بە ڕەزامەندی کۆتایی دەهات. لە باس و ئاخاوتنەکانیدا هەمیشە باس لە سەروەری کوردستان هەبوو و سەربەخۆیی حیزبەکەی پێ لە هەموو شتێک گرینگتر بوو، هەر بۆیەش بۆ ئازادیی نەتەوەکەی هەموو نرخێکی بە هەرزان دەزانی.
ڕۆژی ٧ی بانەمەری ساڵی ١٣٥٩ هەتاوى ڕێژیمی کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامی نێو شاری سەقزی بە چەکی قورس ئاورباران کرد. لەو هێرشەدا بابا شێخ حیسامی بەسەختی بریندار بوو و بەرەو نەخۆشخانەی بۆکان کە ئەوکات بەدەست هێزی پێشمەرگەوە بوو ڕەوانە کرا و دواتر نێردرایە نەخۆشخانەی مەهاباد. ئەو کە شارەزای زمانی ئینگلیزی بوو، بریندار و بە جەستەی خوێناوییەوە لێدوانی بۆ کاناڵەکانی ڕاگەیاندن بۆ نموونە ڕادیۆ BBC دەدا و هەڵوێستەکانى حیزبەکەى ڕوون دەکردەوە و سیاسەتەکانی کۆمارى ئیسلامیى ڕیسوا دەکرد. مخابن ڕۆژی ٩ی بانەمەری ساڵی ١٣٥٩ بەهۆی سەختیی برینەکەی لە نەخۆشخانەی مەهاباد دڵی لە لێدوان کەوت و چووە نێو کاروانى نەمرانەوە و لەسەر وەسیەتى خۆى لە شارى پێشەوا و لە نزیک شەهید عەزیز یوسفى بەخاک سپێردرا.
شەهیدى کاک بابەشێخ حیسامى سیاسەتوان و ئەدیبێکى بەتوانا بوو، کۆمەڵێک نووسراوە و کتێبى ئامادەى چاپى هەبوو کە ڕێژێمى کۆماری ئیسلامی دەستى بەسەردا گرت. شەهید کاک باباشێخ لە شێعرێکی سەردەمی لاوەتیی خۆیدا دەڵێ:
ئەگەر وەک هەڵۆ دوو ساڵ بـمێنێ
ڕۆژێ خۆت لە بن شاخان بمێنێ
باشترە لە ژینی سەد ساڵەی قاڵاو
خوراکی موردار ئاوخۆر لە گەنکاو