کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی خەڵکی تیکاب پاش بانگکران و هەڕەشەی وەزارەتی ئیتلاعات

10:41 - 3 سەرماوەز 2724

هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری تیکاب پاش چەند جار بانگکران و هەڕەشە لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە، دەسبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، ڕۆژی هەینی ٢ی سەرماوەز، فەرەیدوون سوڵتانی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری تیکاب و دانیشتووی تاران پاش چەند جار بانگکران و هەڕەشەی وەزارەتی ئیتلاعات، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

کوردپا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاندووە کە هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەسبەسەرکردن، دەستیان بە سەر کەلوپەلی تاکەکەسیی ئەم هاووڵاتییە لەوانە مۆبایل و ماشینەکەیدا گرتووە.

ئەم هاووڵاتییە چەند ڕۆژ پێش لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند کە لە ماوەی چەند حەفتەی ڕابردوودا بۆ دووهەمین جار وەزارەتی ئیتلاعات پێوەندیی لەگەڵ گرتووە و داوای لێ کردووە کە خۆی بەو ناوەندە بناسێنێ و تاکوو ئێستا بە هۆی نەبوونی زانیاریی دروس لە شوێنی مانەوەی، نەیانتوانیوە دەسبەسەری بکەن.

ناوبراو لە درێژەدا ڕایگەیاند کە لە ئەگەری بەدیار نەمان و ناڕوونیی چارەنووسیدا، ئەوە لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراوە.

تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.