پاش پەسەندکردنی دووهەمین بڕیارنامەی شۆرای حوکامی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لە کەمتر لە شەش مانگدا بە دژی بەرنامە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی، تاران باسی لە جێگیرکردنی سانتریفیۆژی نوێ و پێشکەوتوو کردووە.
لە دوو ڕۆژی ڕابردوو و پاش پەسەندکردنی بڕیارنامەی شۆرای حوکام، وتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی لە کاردانەوە بە پەسەندکردنی ئەم بڕیارنامەیە لە وتووێژێکدا ڕایگەیاندووە کە لیستەیەک لە کاردانەوەکان بەدژی پەسەندی ئەم بڕیارنامە لە ئارادایە.
بێهرووز کەماڵوەندی لەم وتووێژەدا وتی: "کاتێ باس لە زیادکردنی سانتریفیۆژەکان دەکەین، مەبەستمان هەزاران سانتریفیووژی دیکەیە و ئەمە هەلێکە تاکوو بتوانین بە خێرایێکی زیاتر لەم بوارە پیشەییەدا پێش بکەوین".
کەماڵوەندی زیادیشی کرد کە فەرمانیان پێ دراوە کە پەرە بە پیتاندنی ٦٠ لەسەدی بدەن و هیچ بەرنامەیەکیان بۆ راگرتنی پیتاندنی ٦٠٪ نەبووە.
لەلایەکی دیکەوە یەکیەتیی ئورووپا پێش لە پەسەندکردنی بڕیارنامەکەی شۆرای حوکام، لە بەیاننامەیەکدا بە ئاماژەدان بە هەوڵەکانی تاران بۆ پەرەدان بە پیتاندنی ٦٠٪ ڕایگەیاندووە، ئەمە هیچ پاساوێکی ئاشتیخوازانەی متمانەپێکراو ناگرێتە خۆی و پیتاندن لەم ئاستەدا تەنیا بۆ کەڵکوەرگرتنی سەربازی بەکار دەبردرێت.
بەیاننامەکە لە ئاماژە بە قسەی کۆمەڵێک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە توانای دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم زیادی کردووە کە ئەمە بابەتێکی مەترسیدارە و جێگای نیگەرانییە.
پێشتر وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی پەرەدان بە بەرنامە ئەتۆمییەکانی لە ئەگەری پەسەندکردنی بڕیارنامەیەکی دیکەی کردبوو.
شۆرای حوکامی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی ڕۆژی پێنجشەممە ١ی سەرماوەز بۆ جارێکی تر و کەمتر لە شەش مانگ، بڕیارنامەیەکی دیکەی بە دژی بەرنامە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی پەسەند کرد.
ئەندامانی شۆرای حوکام لەم بڕیارنامەیەدا کە بە ١٩ دەنگی ئەرێنی پەسەدن کرا، وێڕای ڕخنە لە ناڕوونیی بەرنامە ناوکییەکان، داوایان لە تاران کردووە تاکوو بە زووترین کات لەگەڵ ئاژانسدا هاوکاری بکات.