ڕاپۆرتی کارناسانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ڕۆژی هەینی ١١ی خەزەڵوەر بڵاو کراوەتەوە، نیشانی دەدات حوسییەکانی یەمەن بە وەرگرتنی پشتیوانی بێ وێنە لەلایەن کۆماری ئیسلامی و حیزبوڵڵای لوبنانەوە بوونەتە ڕێکخراوێکی سەربازی بەهێز .
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە کە لە سێپتامبری ٢٠٢٣ تا ژوئیەی ٢٠٢٤ دەگرێتەوە، حوسییەکان لە ڕێگەی وەرگرتنی کەرەستە و ڕاهێنانی نیزامی لەلایەن لقی قودسی سپای پاسداران و حیزبوڵڵای لوبنان و گرووپەکانی دیکەی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە عێراقدا، بوونەتە هێزێکی سەربازی و توانای عەمەلیاتەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو پەرەی گرتووە.
بە وتەی کارناسانی نەتەوە یەکگرتووەکان، حوسییەکان توانیویانە ژمارەی هێزەکانیان لە ٣٠ هەزار کەس لە ساڵی ٢٠١٥ بۆ نزیکەی ٣٥٠ هەزار کەس تا ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٤ زیاد بکەن.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەو مووشەکانەی حوسییەکان بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور بەکاریان دەهێنن، لێکچوونێکی زۆریان هەیە لەگەڵ ئەو کەرەستانەی کۆماری ئیسلامی و گرووپەکانی بەکاری دەهێنن.
هەروەها کارناسانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانیی خۆیان لە زیادبوونی هاوکارییەکانی حوسییەکان لەگەڵ گرووپە تێرۆریستییەکانی دیکەی وەک ڕێکخراوی ئەلقاعیدە لە نیمچە دوورگەی عەرەبستان دەربڕیوە.
حوسییەکان لە سەرەتای شەڕی غەززە لە مانگی ڕەزبەری ساڵی ڕابردووەوە زیاتر لە ٨٠ کەشتی بازرگانییان بە مووشەک و دڕۆن کردووەتە ئامانج. هەروەها دەستیان بەسەر کەشتییەکدا گرتووە و دوو کەشتییان نوقم کردووە و چوار مەلەوانیان کوشتووە.
ئەوە لەحاڵێکدایە زۆرێک لە مووشەک و دڕۆنەکانی حوسییەکان لەلایەن هاوپەیمانی دەریایی بە ڕێبەری ئەمریکاوە ڕێگرییان لێ کراوە و ڕێگەیان پێ نەدراوە ئامانجەکانیان بپێکن.