وتەبێژی کۆمیسیۆنی تەندروستیی ئەنجومەنی ئیسلامیی ئێران سەلمان ئیشاغی ئەو هەواڵانەی کە میدیاکان لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا سەبارەت بە گیانلەدەستدانی نەخۆشانی دیالیزی لە چەند نەخۆشخانەیەکی ئێران بڵاویان کردبووەوە پشتڕاست کردەوە، هەروەها ژمارەی گیانلەدەستداوانی بە ٧٠ کەس ڕاگەیاند، کە بە هۆی پیسبوونی گیراوەیەکی دەرمانی بە ئەلەمینیۆم گیانیان لەدەست داوە.
ناوبرا بە ئاژانسی هەواڵی مەجلیسی ڕێژیمی ڕاگەیاند: لە پلەی یەکەمدا ١٠ بۆ ١٢ تووشبووی دیالیزی لە شارەکانی مەشهەد و ئێسفەهان گیانیان لەدەست دا و دوای ماوەیەک ژمارەی گیانلەدەستداوان گەیشتە ٥٠ کەس و لە ئێستادا گەیشتووەتە ٧٠کەس.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو نەخۆشانە بەهۆی بەکارهێنانی دەرمانی بێ کوالێتی و پیسبوو بە ئەلەمنیۆم کە بۆ شۆردنی خوێن بەکاریان هێناوە، تووشی هەوکردن و تەشەنوج و کۆما بوون و دواتر گیانیان لەدەست داوە.
وتەبێژی کۆمیسیۆنی تەندروستیی ئەنجومەنی ئیسلامی ئاماژەی بەوە دا: بە ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسانی پەیوەندیدار بەدواداچوونمان بۆ ئەم بابەتە کرد و دەرکەوت یەکێک لە کۆمپانیاکانی دەرمان کەمتەرخەم بووە لەو بارەیەوە، و سەرۆکی کۆمپانیای ئاماژەپێکراو وتوویەتی کە ئەو سەرپەرشتیی ئەو دەرمان و کەرەستە سەرەتایی و خاوانەی نەکردووە کە بە ئەلەمنیۆم پیس بوون.
هەروەها سەلمان ئیشاغی ڕایگەیاند: هەرچەندە زیاتر لە ٣ مانگە بەسەر بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە لە کۆمیسیۆن تێپەڕیوە، بەڵام دەسەڵاتی دادوەری هیچ ڕێوشوێنێکی لەو بارەوە نەگرتووەتەبەر و تەنانەت بۆمان دەرکەوتووە کە دووبارە داوا لە هەمان کۆمپانیا کراوە کە بەردەوام بێت لە بەرهەمهێنانی دەرمان.