دوابەدوای ململانێی ناوکی لە نێوان ڕێژیم و وڵاتی ڕۆژاوا و دەرکردنی بڕیارنامە لە دژی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیم، نرخی دۆلار سنووری ٧٠ هەزاری تێپەڕاند.
بەپێی ڕاگەیاندنی ماڵپەڕەکانی دراو، دۆلار بە ٧٠ هەزار و ١٠٠ تمەن مامەڵەی پێ دەکرێت و هەر پۆندێکی بریتانیاش گەیشتووەتە ٨٨ هەزار تمەن.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا نرخی دۆلار لە بازاڕی ئازاددا کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ناساندنی هەندێک لە ئەندامانی کابینەی دەوڵەتی دۆناڵد ترامپەوە و بەو هۆیەوە بە شێوەیەکی بەرچاو نرخەکەی بەرز بووەتەوە.
سەرۆکی بانکی ناوەندیی ڕێژیم لە دژکردەوە بە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار وتوویەتی: ئینشائەڵڵا نرخەکەی هەر لەو ئاستەدا دەمێنێتەوە.
ڕاپۆرتەکان ئەوە نیشان دەدەن کە کارناسانی بواری ئابووری و تەنانەت نوێنەرانی ڕێژیم لە مەجلیسدا، چوونەسەرەوەی نرخی دۆلار هەتا سنووری ١٠٠ هەزار تمەنیش بە دوور نازانن.
هەر لەو پێوەندییەدا هادی قەوامی، ئەندامی کۆمیسیۆنی بەرنامە و بوودجە لە مەجلیسی ڕێژیم، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی خەزەڵوەر ڕایگەیاندبوو: کەمتەرخەمی بکەین دۆلار سنووری ٩٥ هەزار و ١٢٥ هەزاریش تێدەپەڕێنێت هەر وەکوو چۆن بە کەمتەرخەمی دۆلاری ٧ هەزاریمان گەیاندە ٧٠ هەزار تمەن.
شوێندانەریی شەڕ لە نێوان ڕێژیم و ئیسرائیل، گەڕانەوەی ترامپ بۆ کۆشکی سپی و دەرکردنی بڕیارنامە لە دژی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیم، نرخی دۆلاری لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ١٠ هەزار تمەن بەرز کردووەتەوە.