٥٨٠ شارەوانی فەرانسە، لە پەراوێزی کۆنگرەی شارەوانییەکانی ئەم وڵاتە لە پاریس، بانگەوازێکیان واژۆ کرد و بڵاویان کردەوە و داوای ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدانی لە کۆماری ئیسلامی ئێران کرد.
لەو ڕاگەیەندراوەدا لە زاری ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەییەوە ڕاگەیەندراوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنیا خۆی بەرپرسیاری ٧٤٪ی لەسێدارەکان لە هەموو جیهاندایە.
هەروەها لەو ڕاگەیندراوەی شارەوانانی فەڕانسەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەم ڕەوتە نیگەرانکەرە، و بە هاتنە سەرکاری مەسعوود پزیشکیان چڕتر بووەتەوە، بەجۆرێک کە دوای سێ مانگ لە هاتنە سەرکاری ناوبراو، تا ئێستا ٣٨٦ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون کە ئەمەش زۆر زیاترە لە ژمارەی لەسێدارەدانەکان لە ساڵانی پێشوودا.
ڕایانگەیاندووە کە بەپێی لێکۆڵینەوەی کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەمساڵدا ژمارەیەکی زۆر لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا وەک کوشتن، زیندانیکردن، ئەشکەنجەدان، دەستدرێژی و توندوتیژی سێکسی ئەنجام دراون کە نموونەی بەرچاو لە تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتین.
هەروەها لە بەشێکی دیکەدا باس لەوە کراوە کە ڕەزا ڕەسایی یەکێکە لەو کەسانە بوو کە لە ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" دەسبەسەر کرابوو و ئەمساڵ لە ئێراندا لە سێدارە درا.
شارەوانەکانی فەرانسە لە ڕاگەیندراوەکەیاندا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو خەڵک و پێشگرتن لە سەرهەڵدان و ناڕەزایەتی کەڵک لە سزای لەسێدارەدان وەردەگرن.
لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا شۆرای حوکام بڕیارنامەیەکی دژ بە ئێران ڕاگەیاند. لەم بڕیارنامەیەدا پرسی لەسێدارەدان، دەسبەسەرکردن و ئەشکەنجەدانی زیندانییان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە مەحکووم کراوە.