کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شکستی سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە جەوانیی کۆمەڵگە/ ڕێژەی لەدایکبوونەکان لە ساڵی ١٤٠٣دا کەمی کردووە

12:27 - 3 سەرماوەز 2724

محەممەدڕەزا زەفەرقەندی وەزیری تەندروستی و پەروەردەی پزیشکیی دەوڵەتی پزشکییان ڕایگەیاند، بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ئەم وەزارەتە، بۆ یەکەمجارە لە مێژوودا ژمارەی لەدایکبوون لە ساڵی ١٤٠٣ دەگاتە خوارەوەی یەک ملیۆن کەس.

زەفەرقەندی لە دیدارێکدا لەگەڵ کاربەدەستانی بەسیجی زانکۆکانی زانستە پزیشکییەکانی ئێران، کەمبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی لەدایکبوون لە وڵاتدا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە "پرسێکی زۆر نیگەرانکەر" ناو برد.

وەزیری تەندروستی بە ئاماژەدان بەو ڕاستییەی کە ئێستا ڕێژەی منداڵبوون لە ٢.٠١ لە ساڵی ١٣٩٥ گەیشتووەتە ١.٦٦، وەزیری تەندروستی ڕایگەیاند، ئەگەر ئەم ڕێژەیە بگاتە ١.١ ئێران تووشی کێشە و قەیرانێکی گەورە دەبێ.

ڕەوتی دابەزینی ڕێژەی لەدایکبوون لە ئێران لەکاتێکدایە کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی و بە تایبەتی عەلی خامنەیی و پێشنوێژانی هەینی بەردەوام هانی خەڵک دەدەن بۆ منداڵبوون.

یاسای جەوانیی حەشیمەت لە ڕەزبەری ساڵی  ١٤٠٠ بە ڕاسپاردە و جەختی خامنەیی لە مەجلیسی یازدەهەمدا پەسەند کرا و لە مانگی خەزەڵوەری هەمان ساڵدا بۆ بواری جێبەجێکردن ڕاگەیەندرا و لە بەشە جیاوازەکانی  ئەم یاسایەدا هەر کارێک و پێشگیرییەک لە منداڵبوون سزای دیاریکراوی خۆی هەیە.

هەروەها وەزیری تەندروستیی زانستە پزیشکییەکانی دەوڵەتی پزشکییان ئاماژەی بەوە دا کە لە ئێران بە پێچەوانەی وڵاتانی ڕۆژاوایی پیربوونی کۆمەڵگە پێش پرۆسەی گەشەسەندنی کۆمەڵگا ڕووی داوە و ئاماژەی بەوە دا: وڵاتانی دیکە سەرەتا گەشەیان کرد و دواتر ڕووبەڕووی کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان بوونەتەوە، بەڵام ئەم پرۆسەیە لە ئێران بە پێچەوانەوە بوو.

ناوبراو کەمبوونی ژمارەی حەشیمەتی ئێرانی بە قەیران ناو برد و جەختی لەوە کردەوە کە تا کاروباری ئابووریی دامودەزگا حکومییەکان نەگۆڕدرێن و هەموو بەرپرسەکان ئەرکەکانیان جێبەجێ نەکەن، شەپۆلی بڵاوکردنەوەی جەوانی کۆمەڵگە لە ناو خەڵکدا بە دروستی جێگر ناکرێ.

هەروەها عەلیڕەزا ڕەئیسی، جێگری وەزیری تەندروستیی وەزارەتی تەندروستیی دەوڵەتی پزشکییان، ڕۆژی ٢٠ی خەزەڵوەر ڕایگەیاند، ئەگەر وڵات بەم شێوەیە بەرەو پێشەوە بچێت، لە ٢٠ ساڵی داهاتوودا ڕێژەی لەدایکبوون و مردن لە وڵاتدا یەکسان دەبێت و زیادبوونی ژمارەی حەشیمەتی کۆمەڵگە دەگاتە سفر.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران تاکە وڵاتە کە لە ماوەی ١٠ ساڵدا لە شەش منداڵەوە بۆ کەمتر لە سێ منداڵ کەمی کردووە، ئەمە بە مانای پیربوونی نیوەی دانیشتووانی ئێرانە و کارەساتە.

هەروەها باسی لەوە کرد کە لە ساڵی ١٤٨٠دا ژمارەی دانیشتووانی ئێران دەگاتە خوار ٥٠ میلیۆن کەس واتە نزیکەی ٤٢ میلیۆن کەس، لەو کاتەدا نزیکەی دوو کەس لە هەر چوار کەس بەساڵاچوو دەبن.

لە ساڵانی ڕابردوودا کێشە ئابووری و بژێوییەکان لەسەر دابەزینی حەز و ئارەزووی خەڵکی ئێران بۆ منداڵبوون یان هەبوونی منداڵی زۆر کاریگەریی بەرچاوی داناوە.