لە درێژەی کۆچکردنی بەربڵاوی خەڵکی ئێران و تەشەنەسەندنی قەیرانی هەڵاتنی مێشکەکان، وەزیری زانستی ڕێژیم باسی لە کۆچکردنی ٢٥ لەسەدیی مامۆستایانی زانکۆکانی ئێران لە چەند ساڵی ڕابردوودا کردووە.
حوسێن سیمایی سەڕاف، وەزیری زانستی ڕێژیم، ڕۆژی هەینی ٢ی سەرماوەز وێڕای ئاماژە بە کۆچکردنی ٢٥ لەسەدیی مامۆستایان لە ساڵانی ڕابردوودا، سەبارەت بەم ئامارە نیگەرانیی دەربڕی و ئەمە بە هۆکاری دابەزینی ئاستی زانستیی زانکۆکان و نزمبوونەوەی خوێندەواریی خوێندکاران زانی.
ئەم بەرپرسەی ڕێژیم هۆکارگەلێکی وەک: کار، ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی و بەتایبەت هۆکاری ئابووریی لە کۆچکردنی مامۆستایاندا بە گرینگ ناو برد و ڕایگەیاند هەندیک لە مامۆستایان تەنانەت ویستی گەڕانەوەشیان نییە.
وەزیری زانستی ڕێژیم وتیشی کە مووچەی مامۆستایان لە زانکۆکانی وڵاتانی جیرانی ئێراندا لە نێوان ٤ بۆ ٧ هەزار دۆلارە، لەحاڵێکدا کە مووچەی مامۆستایان لە ئێراندا، بە ٥٠ پلەوە بە سەختی دەگاتە هەزار دۆلار.
ناوبراو وێڕای هۆشداریدان سەبارەت بە بەردەوامیی ئەم دۆخە کە دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی زانکۆکان وتی: کاتێک ئەم ڕەوتە درێژە بکێشێ، کەسانێک جێگایان دەگرنەوە کە ڕەنگە لە بواری پێگەوە لاواز بن.
ئەگەرچی ئەم بەرپرسەی ڕێژیم گوشارە ئابوورییەکان وەک گرینگترین هۆکاری کۆچکردن ناو دەبات بەڵام لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا و پاش بزووتنەوەی ژینا، ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایانی زانکۆکان کە پشتیوانییان لە خوێندکارانی ناڕازی دەکرد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەرکران یان تووشی هەڵپەساردن و هەڕەشەی جۆراوجۆر بوونەوە.
شەپۆلی دەرکردنی مامۆستایانی زانکۆکان پاش دەسپێکی سەرۆککۆماریی ڕەئیسی بە هۆی ناتەبایی لەگەڵ بەرپرسانی دیارکراودا دەستی پێ کرد و دوای ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی بزووتنەوەی ژینا پەرەی گرت و زیاتر لە ٥٢ مامۆستا لە زانکۆکان دەر کران.
وتەی وەزیری زانستی ڕێژیم سەبارەت بە کۆچکردنی مامۆستایانی زانکۆکان لەکاتێکدایە کە مەسعوود پزشکییان ڕۆژی هەینی باسی لە حەزی ٨٠ لەسەدیی لاوانی ئێران بۆ کۆچکردن کردووە.
لەم پێوەندییەدا، عەلی ڕەبیعی، یاریدەدەری کۆمەڵایەتیی سەرۆککۆماری ڕێژیم ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە تەمەنی کۆچکردن لە ئێراندا گەیشتووەتە ژێر ١٨ ساڵ و کۆچکردن بۆ ئەم جیلە وەکوو ڕێگایەک بۆ هەڵاتنە.