کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکدانی گڵکۆی موختار ئەحمەدی لە شەهیدانی بزووتنەوەی ژینا

18:19 - 3 سەرماوەز 2724

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ناوەندی هەواڵی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەکرێگیراوانی ڕێژیم لە مەریوان، لە درێژەی کردەوە نامرۆڤانەکانی خۆیاندا، هەوڵی تێکدانی گڵکۆی موختار ئەحمەدی لە شەهیدانی بزووتنەوەی ژینایان داوە.

ڕۆژی پێنجشەممە یەکی سەرماوەز، بەکرێگیراوانی ڕێژیم لە هەوڵێکی ترسنۆکانە و تێکدەرانەدا وێڕای تێکدانی گڵکۆی شەهید موختار ئەحمەدی لە مەریوان، وشەی "شەهید"ی سەر مەزارەکەشیان سڕیوەتەوە.

شەهید موختار ئەحمەدی، ڕۆژی ٩ی ڕەزبەری ١٤٠١ و لە ناڕەزایەتییەکانی مەریواندا سینگی کرایە ئامانجی فیشەکی شەڕکەری هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و پێش لەوەی کە بگاتە نەخۆشخانە شەهید بوو.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کە تەنانەت لە بەردی مەزاری شەهیدانیش دەترسێ، تاکوو ئێستا لە چەند هەوڵی هاوشێوەدا، بەردی مەزاری چەند کەس لە شەهیدانی کوردستان لەوانە، ژینا ئەمینی، زەکەریا خەیاڵ، کاروان قادرشوکری، ئازاد حوسێنپووری و ... تێک داوە و وشەی شەهیدی لێ سڕیونەتەوە.