ڕاپۆرتی نوێی ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران دەری دەخات کە نرخی کرێ خانوو لە ناوچە شارییەکان لە ماوەی ١٢ مانگی ڕابردوودا بە ڕێژەی ٤٢٪ زیادی کردووە کە هەڵاوسانی ئەم کەرتە بەڕێژەی ٨.٦ خاڵ زیاترە لە هەڵاوسانی گشتی و ئەمەش لەحاڵێکدایە کە لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا دەوڵەت سەقفی زیادکردنی کرێی خانووی بە ڕێژەی ٢٥٪ دیاری کردبوو.
ئەو ڕاپۆرتە دەری دەخات کە لە مانگی خەزەڵوەردا نرخی کرێی خانوو بە بەراورد لەگەڵ مانگی ڕەزبەر بە ڕێژەی نزیکەی ٣٪ و بە بەراورد لەگەڵ مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٢ بە ڕێژەی ٤٠٪ زیادی کردووە.
هەوڵی دەوڵەتەکان لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخەکان بە دەرکردنی پەسەندکراوەکان کە ڕەخنەگران بە نرخدانانی ئیجباری لێکی دەدەنەوە، بە گشتی شکست دەهێنن.
تێچووی کرێی خانوو لە ساڵی ١٣٩٩ـەوە ڕووبەڕووی بازدانێکی بەرچاو بووەتەوە. هۆکاری ئەم بازدانەش سەرەتا هەڵاوسانی توندی خانووبەرەیە لە ساڵانی پێشوودا و بەردەوامییەکەی تا ئێستا، پاشان هەڵاوسانی گشتیی بەرز لە ساڵی ١٣٩٨ بەدواوە بووە.