کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی کارەبا لە ئێران تا ٨٣٪ گرانتر بووە

10:37 - 4 سەرماوەز 2724

هەواڵدەریی "مێهر" ڕۆژی شەممە ٣ی سەرماوەز لە ڕاپۆرتێکدا و بە هەڵسەنگاندنی پسوولەی کارەبای ماڵان لە سەرەتای وەزری پاییز لەگەڵ وەرزەکانی پێشوو، باسی لە گرانکردنی کارەبا کردووە.

ئەم هەواڵدەرییەی سەر بە ڕێژیم لە پێداچوونەوەکانی بە پسوولەی کارەبای ماڵان بۆی دەرکەوتووە کە نرخی کارەبا زیادبوونێکی ٣٨ تا ٨٣ لەسەدیی بە خۆیەوە بینیوە.

عەبدولئەمیر یاقووتی بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری وزە و خزمەتگوزارییەکانی تەوانیر ڕایگەیاندووە کە ٧٥ لەسەدی بەکارهێنەران لەژێر ڕێوشوێنەکانی شیرکەتی تەوانیرەوە کارەبا بەکار دێنن بەڵام بۆ ئەو بەکارهێنەرانی کە سەرووی ئەم ڕێوشوێنە بن نرخی کارەبا بە شێوەی پلیکانی زیاد دەکات.

دەوڵەت گرانکردنی دوابەدوای نرخەکانی وزەی بۆ دابەزینی بایەخی ڕیاڵی ئێران گەڕاندووەتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە داهاتی خەڵک لەگەڵ دابەزینی بایەخی دراوی ئێران زیاد ناکات و تەنیا نرخەکان و هەڵاوسان دەچنە سەرەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە ڕێژەیەکی زیاتری خەڵک بکەونە ژێر هێڵی هەژارییەوە.

هاوکات لەگەڵ گرانکردنی نرخی کارەبا، دەوڵەت بەهۆی کەمیی گازەوە ڕۆژانە کارەبای خەڵک دەبڕێت و پچڕانی کارەبای کردووە بە ڕووتێنێکی ڕۆژانە لە هەر چوار وەرزەکەی ساڵدا.