کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمتەرخەمیی بەرپرسانی بەندیخانەی قوروە لەمەڕ ‌دوو هێرشی توندوتیژانە بە سەر ئازاد عەباسی

10:49 - 4 سەرماوەز 2724

ڕۆژی هەینی ٢ی سەرماوەز، ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە کەمتەرخەمیی بەرپرسانی بەندیخانەی قوروە لە پێوەندی لەگەڵ هێرشی ژمارەیەک لە بەندکراوانی ئەم بەندیخانەیە بۆ سەر ئازاد عەباسی، چالاکی سیاسیی خەڵكی دێولان کردووە.

کوردپا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاندووە کە ئەم بەندکراوە سیاسییە بە پیلانی داڕێژراو لەلایەن وەکیل بەندی بەندیخانەی قوروە لەلایەن چەندین بەندکراوەوە لە دوو قۆناغی جیاوازدا کراوەتە ئامانجی توندوتیژی. ئازاد عەباسی سەرەتا لەلایەن وەکیل بەند و چەند بەندکراوەوە کراوەتە ئامانجی توندوتیژی و سەرەڕای ئەوەی کە داوای لە بەرپرسانی بەندیخانە بۆ پێڕاگەیشتن بە دۆخەکە و سەیرکردنی ڤیدیۆی تۆمارکراوی کامێراکان هەیە، بەڵام بە بێ هیچ جۆرە پێڕاگەیشتنێک، بۆ جارێکی دیکە بە "کەرەستەی تیژ" و "ئاوەکوڵ" کراوەتە ئامانجی توندوتیژی و تووشی سووتان بووە.

بە وتەی سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا؛ تاکوو ئێستا بەرپرسانی بەندیخانە هیچ بەدواداچوونێکیان بۆ دۆخی ئەم بەندکراوە سیاسییە نەکردووە و سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ، ناوبراو نە تەنیا ڕەوانەی نەخۆشخانە و ناوەندی دەرمانی نەکراوە، بەڵکوو لە پێوەندی لەگەڵ ئەم هێرشەشدا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە ڕووداوەکە لەلایەن پزیشکی دادوەرییەوە تۆمار نەکراوە.

ئازاد عەباسی لە ماوەی ڕابردوودا بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانە کراوە و لە بەندی گشتیی بەندیخانەی قوروە ڕاگیراوە.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سزای سێ ساڵ بەندکرانی ئازاد عەباسی، بەرپرسی ئەنجومەنی فەرهەنگی - کۆمەڵایەتیی "نۆژین" و وانەبێژی زمانی کوردی لە دادگای پێداچوونەوەدا بە یەک ساڵ بەندکران گۆڕدرا.

لە ٢٤ی بەفرانباری ١٣٩٨دا، ئازاد عەباسی لە کاتی بەدواداچوون بۆ دۆخی برا و براژنەکەی دوای دەسبەسەرکرانیان لە ئیتلاعاتی دێولان، لەگەڵ هەڵسوکەوتی توندی هێزە ئیتلاعاتییەکان بەرەوڕوو بووەوە و دواتر دەسبەسەر کرا. ناوبراو بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا و بۆ ماوەی دوو مانگ لە ژووری تاکەکەسی ڕاگیرا. لە کۆتاییدا بێتاوان ناسرا و سیرووس عەباسی و فەریدە وەیسی بە دوو ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو سزا دران.