کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی بە پێویستییەک بۆ کۆماری ئیسلامی ناو دەبەن

11:14 - 4 سەرماوەز 2724

ئەحمەد بەخشایش ئەردەستانی، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی نەتەوەیی مەجلیسی ئیسلامی بە ماڵپەڕی "دیدبانی ئێران" ڕاگەیاند کە گەیشتن بە بۆمبی ئەتۆمی بۆ کۆماری ئیسلامی پێویستە و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەر بۆمبی ئەتۆمی دروست بکەین ئەوە تەنیا تووشی گرژییەکەی شەش مانگە دەبین و وڵاتانی ڕۆژاوایی پێمان دەڵێن بۆچی چەکی ئەتۆمیمان بەرهەم هێناوە.

لێدوانەکەی ناوبراو لەکاتێکدایە کە عەلی لاریجانی ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئێران و ئەمریکا لە ئێستادا لە دۆخێکی نوێدان.

بە وتەی لاریجانی، ئەگەر دەوڵەتی نوێی ئەمریکا دەیەوێت ئێران خاوەنی چەکی ئەتۆمی نەبێت، پێویستە مەرجەکانی کۆماری ئیسلامی وەک قەرەبووی زیانەکان و پێدانی ئیمتیاز قبوڵ بکات، بۆ ئەوەی ڕێککەوتنی نوێ بەدەست بهێنێت.

لەلایەکی دیکەوە لاریجانی دوای بڵاوکردنەوەی وتووێژی خۆی لەگەڵ ماڵپەڕی خامنەیی سەبارەت بە ئەگەری دانوستان لەگەڵ ئەمریکا، لە هەژماری ئێکسی خۆیدا نووسیویەتی: “ئێران دەستی بە پیتاندنی ئۆرانیۆم کردووە و ڕێژەی خەستیی ئۆرانیۆمی پیتێندراو بۆ سەرووی ٦٠٪ زیاد کردووە".

لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٣وە تا ئێستا دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی هۆشداری و هەڕەشەکانیان سەبارەت بە پێویستیی هەنگاونان بەرەو پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی زیادی کردووە.

هەروەها کەماڵ خەڕازی، ڕاوێژکاری کاروباری نێودەوڵەتیی خامنەیی و ئەندامی شۆرای ستراتێژیکی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا، هەڕەشەی کرد کە کۆماری ئیسلامی ڕەنگە بەرەو دروستکردنی چەکی ئەتۆمی هەنگاو بنێت.

لەلایەکی دیکەوە لە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵدا ٣٩ نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم لە نامەیەکدا بۆ شۆرای باڵای ئەمنییەتی نەتەوەیی کۆماری ئیسلامی خوازیاری گۆڕینی دوکتورینی بەرگریی ڕێژیمی ئێران و دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بوون.

لە دیوەکەی تری ئەو لێدوانانەدا، بەرپرسانی حکوومەتی پزیشکیان و خودی مەسعوود پزیشکیان، کە خۆیان وەکوو  بەرگریکارانی دیپلۆماسی، کە هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوەی گرژییە دەرەکییەکان نیشان داوە ، بە پشتبەستن بە فەتوای ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی ڕەتدەکەنەوە.

لە پاڵ ئەم هەموو هەڕەشە و هۆشدار و خۆنواندانانەی کاربەدەستانی ڕێژیم بە شێوازگەلی جیاواز لە ڕۆژی ٢ی سەرماوەزی ئەمساڵدا ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، بڕیارنامەیەکی دژ بە تاران پەسەند کرد.