کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری کوژرانی تەلال حەمییە لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا

11:36 - 4 سەرماوەز 2724

چەند سەرچاوەیەکی عەرەبی و ئیسرائیلی باسیان لە ئەگەرەکانی کوژرانی "تەلال حەمییە" فەرماندەی باڵای حیزبوڵڵای لوبنان لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت کردووە.

بەپێی زانیارییەکان فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل ڕۆژی شەممە ٣ی سەرماوەز هێرشیان کردووەتە سەر بینایەک لە ناوچەی "بەستا"ی باشووری بەیرووت کە وێدەچێت تەلال حەمییەی تێدا بووبێت.

تەلال حەمییە ناسراو بە عێسمەت میزارانی، بەرپرسی ڕێکخراوی ئەمنییەتی دەرەوەی حیزبوڵڵا و یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی ئەم گرووپەی سەر بە کۆماری ئیسلامییە کە لەلایەن ئەمریکاوە ٧ میلیۆن دۆلار خەڵات بۆ دۆزینەوەی تەرخان کراوە.

ڕێکخراوی ئەمنییەتی دەرەوەی حیزبوڵڵا بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەم گرووپە لە دەرەوەی لوبنانە، بەتایبەتی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە هەوڵی هێرشکردنەسەر ئەمریکایی و ئیسرائیلییەکانی تێدا دەدرێت.

هاوکات لەگەڵ هەواڵەکانی کوژرانی حەمییە چەند سەرچاوەیەکی دیکە باسیان لەوە کردووە کە ئامانجی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئەم بینایە، محەممەد حەیدەر فەرماندەیەکی باڵای دیکەی ئەم گرووپە یان نەعیم قاسم ڕێبەری نوێی حیزبوڵڵای لوبنان بووە.

پێشتر دەنگۆی ئەوە هەبوو کە نەعیم قاسم لە ترسی کوژرانی لەلایەن ئیسرائیلەوە، لە ئێران نیشتەجێ بووە.

بەپێی ئەم زانیارییانە چاڵێکی قووڵ هاوشێوەی هێرشەکانی دیکەی ئیسرائیل بە بۆمبە سەنگەرشکێنەکان لەم شوێنەدا دروست بووە کە ئەگەری هەیە تونێلێکی حیزبوڵڵا لە ژێر بیناکەدا هەبێت.